تۆرێس پشکنینی بۆ دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

فێران تۆرێس گەیشتە شوێنی پشکنینە پزیشکییەکان لە بارسێلۆنا، کە بڕیارە ئەمڕۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسا بەفەرمی رابگەیێنرێت.
 
یاریزانی لاوی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوێنی گەیشتووەتە شاری بارسێلۆنا و ئەمڕۆ گەیشتە شوێنی تایبەت بە ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان، کە دوای ئەنجامی پشکنینەکان بارسێلۆنا بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەو یاریزانە تەمەن 21 ساڵییە رادەگەینێت.
 
پێشتر بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتی لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە یاریزانەکە بەرامبەر 55 ملیۆن یۆرۆ بچێتە ریزەکانی بارسێلۆنا، لەگەڵ 10 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەک گۆڕانکاری.
 
ماوەی گرێبەستی تۆرێس لەگەڵ بارسێلۆنا 5 ساڵ دەبێت و یاریزانەکە تاوەکو هاوینی 2027 یاریی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە دەکات، بارسێلۆنا پارەی گرێبەستەکەش بە 4 قیست دەداتە یانە ئینگلیزییەکە، کە یەکەم قیست لە هاوینی داهاتوودا دەدرێت.
 
بە گوێرەی هەواڵی رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا، ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکان باش دەرچوون، دوای چەند کاژێرێک گرێبەستەکەی واژۆ دەکات و سبەی سێشەممە لەنێو یاریگەی کامپ نودا، لەلایەن باسێلۆناوە یاریزانەکە بە میدیاکان دەناسێنرێت.
 
پێشبینی دەکرێت تۆرێس یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ بارسێلۆنا لە ناوەڕاستی مانگی یەکی 2022 بکات، کە هێشتا بە تەواوی لە پێکانەکەی چاکنەبووەتەوە، بەڵام هەوڵدەدات لەم چەند رۆژەدا توانای جەستەیی خۆی بگەڕێنێتەوە.