پێپ گواردیۆلا: دەبێت هەمیشە شەڕانگێز بین

رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، پێیوایە تیپەکەی یارییەکی باشی بەرامبەر لێستەر سیتی کردووە و دووپاتی دەکاتەوە کە 3 جار هەژاندنی تۆڕی گۆڵەکەی لە لایەن لێستەر سیتییەوە هەرگیز تووشی بێئومێدی نەکردووە.
 
لە بۆکسینگ دەیدا، مانچێستەر سیتی لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری لێستەر سیتی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 6-3 لێیبردەوە و شوێنپێی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندیی پرێمەرلیگدا قاییمتر کرد، کە بە کۆکردنەوەی 47 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە، پێپ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و بەلایەوە ئاسایی بوو کە 9 گۆڵ لەو یارییەدا تۆمارکراون و گوتی "ئەمە سروشتی یارییەکانی بۆکسینگ دەیە، لە نیوەی یەکەمدا ئاستێکی جیاوازمان پێشکەش کرد و لە نیوەی دووەمیشدا باشبووین".
 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی سیتیزن، زیاتر گوتی "دوای ئەوەی لە نیوەی یەکەمدا 4 بە هیچ پێشکەوتین، لێستەر سیتی لە سەرەتای نیوەی دووەمدا سزای داین و 3 گۆڵیان بەسەریەکەوە کرد، وادیارە ئەوان شێوازی یارییەکەیان گۆڕی بوو، پلانی بەرگریکردن لەدواوەیان پەیڕەوکرد".
 
ئەو لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا، دووپاتیکردەوە "نەماندەزانی ئەوان لە سەرەتای نیوەی دووەمدا هەوڵ بۆ پاراستنی گۆڵەکەیان دەدەن و پشت بە هێرشی هەڵگەڕاوە دەبەستن، بەڵام ئێمەش پشتمان بە تۆپە جێگیرەکان بەست و لە نیوەی دووەمدا سوودمان لێوەرگرت".
 
گواردیۆلا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێڵی بەرگریی یانەکەی، کە لەو یارییەدا 3 گۆڵیان لێکرا؟ گوتی "لەبارەی هیڵی بەرگرییەکەمەوە هەستم بە بێئومێدی نەکرد، چونکە لێستەر سیتی تیپێکی خاوەن کوالێتی بەرزە و دەتوانێت گۆڵ بکات، بەڵام پێویستە لەسەرمان بە درێژایی 90 خولەک بە توندی و شەڕانگێزی یاری بکەین".
 
ئەو لەبارەی رۆبن دیازیشەوە قسەی کرد و گوتی "دیاز بە توندی یاری نەدەکرد، چونکە دەبووایە بەو شێوەیە بێت، ئەو کارتێکی زەردی مابوو بۆ ئەوەی دەربکرێت، بۆیە پێویست بوو وریا بێت".