تۆرێس ئەمڕۆ دەبێتە یاریزانی بارسێلۆنا

رووداو دیجیتاڵ

 

فێران تۆرێس، یاریزانی لاوی ئیسپانی گەیشتووەتە شاری بارسێلۆنا و ئەمڕۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بارسا واژۆ دەکات.
 
فابریزۆ رۆمانۆ، پسپۆری بەنێوبانگ لە بازاڕی گواستنەوەکان، دووپاتیکردەوە کە ئێستا تۆرێس لەگەڵ بەرێوەبەری کارەکانی و نوێنەرانی لە بارسێلۆنایە و ئەمڕۆ دووشەممە پشکنینی پزیشکی ئەنجام دەدات و دواتر گرێبەستێک لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ دەکات.
 
بەگوێرەی تویتێکی فابریزیۆ، بارسێلۆنا دوای چەند کاژێرێکی دیکە بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ فێران تۆرێسی یاریزانی لاوی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی رادەگەینێت، کە نرخەکەی بریتییە لە 55 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ 10 ملیۆنی دیکە وەک گۆڕانکاری.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا و بەریتانیا، بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتی لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە یاریزانەکە بەرامبەر 55 ملیۆن یۆرۆ بچێتە ریزەکانی بارسێلۆنا و ماوەی گرێبەستەکەیشی 5 ساڵ دەبێت و پارەکەش بە 4 قیست دەدرێتە یانە ئینگلیزییەکە، کە یەکەم قیست لە هاوینی داهاتوودا دەدرێت.
 
فێران تۆرێس، تەمەن 21 ساڵ، یەکێکە لەو یاریزانانەی کە چاڤی بە تواناکانی سەرسامە و زۆر هەوڵیدا بۆ ئەوەی کارگێڕیی یانەکەی گرێبەستی لەگەڵدا بکات و سەرکەوتووبوون لە بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە لاوە ئیسپانییە.
 
تۆرێس دووەم گرێبەستی بارسێلۆنایە لەم زستانەدا، کە پێشتر بەپێی گرێبەستێک دانی ئالڤێشی بەرگریکاری بەرازیلیشی گەڕاندووەتەوە ریزەکانی.