ئەوەی لە تۆپی پێ دەستی نەکەوت لە قومار بەدەستیهێنا

27-12-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆناڵدۆی دیاردە تۆماس گراڤێسن
A+ A-

رووداو دیجیتال

زۆربەی یاریزانە پیشەگەرەکانی تۆپی پێ بەهۆی ئەو یارییەوە دەوڵەمەند دەبن، تەنیا یاریزانێک نەبێت کە بەپێچەوانەی هەمووان دوای وازهێنان لە تۆپی پێ دەوڵەمەند بووە.

تۆماس گراڤێسن، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی دانیمارک و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لەپێناو دەوڵەمەند بوون لە تەمەنی 32 ساڵی، وازی لە یاریکردن هێناو پەنای بردە بەر قومار و سەرکەوتووش بوو.

گراڤێسن ساڵی 2005 لە ئێڤێرتۆنی ئینگلیزییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە کرد بۆ ئەوەی جێگەی کلۆد ماکالێلی بگرێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، کە بەهۆی کێشە زۆرەکانی لەناوەوە و دەرەوەی یاریگە و شەڕە بەنێوبانگەکەی لەگەڵ رۆبینیۆی یاریزانی بەرازیلی لە ریال مەدرید رۆیشت و پەیوەندی بە یانەی سێلتیکی سکۆتلەندییەوە کرد، بەڵام دوای تەنیا وەرزێک گەڕایەوە ئێڤێرتۆن و دواتر بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا. ئەو بڕیاری دا لە بوارێکی دیکە وەک پیشەگەر کاربکات، کە قومارکردن بوو.

رۆژنامەکانی دانیمارک باس لەوە دەکەن کە ئەوەی گراڤێسن نەیتوانی لە رێگەی تۆپی پێوە بەدەستیبهێنێت لە رێگەی قومارەوە بەدەستیهێناوە و دەڵێن "گرافسن تەنیا لە رێگەی قومارەوە 100 ملیۆن یۆرۆی کۆکردووەتەوە و ئێستا ژیانێکی شاهانە لە لاس ڤیگاسی ئەمریکی بەسەردەبات".

تۆماس گراڤێسن، کەسێکی تووند و تیژ بوو، ئەو کاتەی ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ کرد، هاندەران و زۆر لە راهێنەر و یاریزانانیش تووشی شۆک بوون، چونکە ئەوکات ریال مەدرید پڕبوو لە ئەستێرەی بەناوبانگی وەک دێڤید بێکهام و رۆناڵدۆی بەرازیلی و چەندینی دیکە، لە کاتێکدا زۆر کەس پێیانوابوو گراڤێسن یاریزانێکی زۆر ئاستنزمە و تەنانەت هەندێک پێیانوابوو کە ئەو هەر لە بنەڕەتدا بۆ یاریکردن دەستنادات.

گراڤێسن زۆر هەڵوێستی تووند و تیژی و شەڕ لەگەڵ هاوڕێکانی هەیە، لەو یانانەی یاری بۆ کردوون، بۆ نموونە جارێکیان لە ئێڤێرتۆن یارییە ئاگرینەکانی لە وەین روونی گرتووە، هەروەها لەگەڵ ریال مەدریدیش بە گاڵتە زۆرانبازی لەگەڵ رۆناڵدۆی دیاردە کردووە، بەڵام هێندە تووند بووە لەگەڵ رۆناڵدۆ لە ئەنجامدا ددانێکی دیاردەی بەرازیلی شکاندووە، کە هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن "دوای ئەو رووداوە کارگێڕیی ریال مەدرید ترسی ئەوەی لا پەیدابوو کە گراڤێسن کێشەی زیاتریان بۆ دروست بکات، بۆیە بڕیاریاندا بیفرۆشن".



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە