نەیمار ماڵەکەی دەکاتە یانەی شەوانە

27-12-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نەیمار بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتال 

نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، جارێکی دیکە سەرەڕۆیی و سەرکێشی کرد و بەرازیلییەکانی لە خۆی تووڕەکرد، کە بێگومان بەرپرسانی یانەی پاریسیش لێی تووڕەدەبن.

میدیای بەرازیلی ئاشکرایکرد کە نەیمار بە نهێنی ئاهەنگێکی لە ماڵی خۆیدا سازکردووە و سەدان کەسی بانگهێشتکردووە، ئەمەش بەرازیلییەکانی تووڕەکردووە، بەو پێیەی ئێستا وڵات بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە قۆناخێکی مەترسیداردا تێپەڕدەبێت، کە تاوەکو ئێستا ڤایرۆسەکە زیاتر لە 190 هەزار بەرازیلی کوشتووە.

رۆژنامەکانی بەرازیل باس لەوە دەکەن کە نەیمار پلانی بۆ ئەوە دانابوو ئاهەنگەکە لە ماڵی خۆی لە ریۆدۆ جانیرۆ زۆر بەنهێنی بەڕێوەبچێت و بۆ هیچ کەسێکی بانگهێشتکرا و نەبوو مۆبایل لەگەڵ خۆیدا بباتە ژوورەوە، بۆ ئەوەی دواتر وێنە و ڤیدیۆکانی ئاهەنگەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاونەکرێنەوە، بەڵام دواتر هەر ئاشکرابوو".

ئەو سەرچاوانە دەڵێن "ژمارەی میوانەکانی نەیمار زیاتر لە 500 کەس بوو، ژێرزەمینی ماڵەکەیشی کردبووە یانەی شەوانە و رێگەی نەدابوو ئامێری دەنگ بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی دەنگیان دەرنەچێت و دراوسێیەکانی بێزار نەکات".

نەیمار سەرەڕای ئەوەی لە رووی تواناکانی یاریکردنەوە یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان، بەڵام زۆرجار سەرەڕۆیی دەکات و ناپیشەگەرانە هەڵسوکەوت دەکات، تەنانەت زۆرجار بەو هۆکارەوە سزاش دراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە