هاندەرانی یانەی هەولێر داواکارییان هەیە

27-12-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر هاندەرانی یانەی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتال 

دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر داواکارن دەرگای یاریگە بەڕوویاندا بکرێتەوە و لە یاری یانەکەیان بەرامبەر یانەی شورتە لە خولی نایابی عێراق ئامادەبن.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یارییەکانی خولی نایابی عێراق بە بڕیاری شانەی قەیرانەکانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەدەچێت.

هۆگر حەمەدەمین، ئەندامی دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "داواکارین لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و یانەکەمان، رێگەمان پێبدەن بگەڕێینەوە نێو یاریگە و لە یاری یانەکەمان لەگەڵ شورتە ئامادەبین، چونکە ئێستا مەترسییەکانی کۆرۆنا کەمتر بوونەتەوە و دەمانەوێت ببینە یاریزانی ژمارە دوازدە و  پاڵپشتی یاریزانانمان".

یانەی هەولێر دوای تێپەربوونی 10 گەڕ لە خولی عێراق، 13 خاڵی کۆکردووەتەوە، ئێستا لە پلەی یازدەمی ریزبەندییە.

ئەحمەد وەلید، هاندەرێکی دیکەی یانەی هەولێرە و دەڵێت "دەبێت بەیەکچاو سەیری هەموو یانەکان بکرێت، لەبەرئەوەی لە زۆربەی یارییەکانی یانەکانی باشووری عێراق هاندەر بەژمارەیەکی زۆر ئامادە دەبن، با رێگەش بەئێمە بدەن لە یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری ئامادەبین". 

دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، سێجار بە نووسراوی فەرمی داواکاریی گەڕانەوەی هاندەرانی پێشکەشی شانەی قەیرانەکان کردووە و چاوەڕوانی وەڵامە.

ئەحمەد کۆچەر، ئەندامی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق تایبەت بۆ رووداو، روونیکردەوە "هەموو هەوڵەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی هاندەرانە بۆ نێو یاریگەکان، لەبەرئەوەی یاری تۆپی پێ بەهاندەرانەوە جوانە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ شانەی قەیرانەکان بڕیاری گەڕانەوەی هاندەرانیان بۆ دوای جەژنی سەری ساڵ دواخست".

کۆچەر ئاماژەی بەوەشکرد "زۆر گەشبینین بۆ کردنەوەی دەرگای یاریگەکان بەڕووی هاندەران، بەڵام دوابڕیار لای شانەی قەیرانەکان دەبێت، ئەوان دەیانەوێت بەرچاو روونییەکیان هەبێت لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، ئینجا دواتر بڕیاری خۆیان دەدەن بە ئێمە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە