رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەیەکی پێشووی یانەی ریال مەدرید گەڕانەوە بۆ یانەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "ئەو قۆناخە کۆتاییهات."
خوسێ ماریا گوتێرێز هێرناندێز، ناسراو بە گوتی، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید و راهێنەری تیپی کاستیا مەدرید، بەهۆی ئەوەی ئەگەری راول گۆنزالێس، واز لە کاری راهێنەرایەتی تیپەکە بهێنێت، جارێکی دیکە ناوی بەو یانەیەوە دەبەسترێتەوە، بەڵام خۆی رەتیدەکاتەوە.
گوتی، لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێت "هەلی ئەوەم هەبوو لە کاستیا مەدرید بم و رۆیشتم، ئەگەر ساڵێکی دیکە لەگەڵ تیپەکە بەردەوامبوومایە، هاوکات دەبوو لەگەڵ ئەوەی کە سانتیاگۆ سۆلاری بووە راهێنەری تیپی یەکەم."
ئەو ئەستێرەیەی پێشووی ریال مەدرید، لە 2013 کاروانی راهێنەرایەتیکردنی لە تیپی تازەپێگەیشتووانی ریال مەدرید دەستپێکرد، دوای ئەوە بووە راهێنەری کاستیا مەدرید و لەگەڵ یانەکە جامی شا و چامپیۆنزلیگی لاوانی لە 2017 بردەوە، دوای ئەوە چووە تورکیا و وەکو یاریدەدەری راهێنەری بێشکتاش دەستبەکاربوو.
لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی بۆ یانەی ریال مەدرید، گوتی دەڵێت "مەشقدانەوەی کاستیام رەتکردەوە، ئەو قۆناخە بەلای منەوە کۆتاییهات، مەشقدانەوە لە ریال مەدرید؟ ئەوە کۆتاییهاتووە، ئەمە راستییەکەیە."
گوتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئێستا وەرگرتنی راهێنەرایەتی کاستیا قبوڵ ناکەم و بەلای منەوە چیدیکە مەشقدانەوەی تیپی لاوان ئاڵنگاری نییە، من بەباشی بەو قۆناخەدا تێپەڕیم و خۆم دروستکرد، بەلای منەوە ئەوە تەنیا قۆناخێک بۆ فێربوون."
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەستێرەی پێشووی یانەی شاهانە رایگەیاند "ئاڵنگاری ئێستا ئەوە نییە بچیتە خولی پلە دوو، ئاڵنگارییەکە ئەوەیە یاریزان ئامادەبکەیت لە ئاستی یەکەم و تیپی یەکەم یاری بکەن، من ئەو قۆناخەم تێپەڕاندووە و ناگەڕێمەوە بۆ کارکردن لە تیپی لاواندا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ