پۆل پۆگبا دەگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد

27-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پۆل پۆگبا یانەی مانچێستەر یونایتد رۆبین ئامۆریم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، رۆبین ئامۆریم، راهێنەری نوێی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، ویستی ئەوەی هەیە پۆل پۆگبا، ناوەڕاستکاری فەرەنسی، بگەڕێتەوە یانەکە.
 
پۆگبا لە دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە، دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی یوڤێنتوس. 
 
پۆگبا تۆمەتبارکرابوو بە بەکارهێنانی وزەبەخش و بەچوار ساڵ سڕکردن سزادرابوو، بەڵام دواتر سزاکەی بۆ 18 مانگ کەمکرایەوە و بەوەش ماوەی سڕکردنەکەی لە مانگی سێی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت و دەتوانێت وەک یاریزانێکی پیشەگەر، دەستبە یارییکردن بکاتەوە.
 
ئەستێرە دێرینەکانی مانچێستەر یونایتد، لەنێویاندا لویس ساها، کە وەک شرۆڤەکار کاردەکەن، باسیان لەوە کردووە بیرۆکەی گەڕانەوەی پۆگبا بۆ ئۆڵدترافۆرد، بیرۆکەیەکی باشە و سوود بە یانەکە دەگەیێنێت.
 
ماڵپەری 'سپۆرت نیوز' ئاشکرایکردووە، رۆبین ئامۆریم، راهێنەری نوێی یانەکە، پشتگیری بیرۆکەی گەڕانەوەی پۆگبا دەکات.
 
ساها قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵی، پۆل، مانچێستەری خۆشدەوێت و ئامۆریمیش ئەوی بە یاریزانێکی بەئەزموون و ئامادە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان ناوبردووە.
 
ئەو دەڵێ، دۆخی ئێستای یونایتد جیاوازە لەوکاتەی پۆگبا لە یانەکەبوو، یونایتد ئێستا راهێنەرێکی لاوی هەیە و لە دۆخەکان تێدەگات، لەوانەیە هەست بکات کە شتێکی باشە، یاریزانێکی بەئەزموونی وەک پۆل لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا بوونی هەبێت.
 
پۆگبا لە ماوەی بوونی لە مانچێستەر یونایتد نەیتوانی خۆی بسەلمێنێت، هەربۆیە ساڵی 2012 یانەکەی بەرەو یوڤێنتوسی ئیتاڵی بەجێهێشت و لەوێ ئاستێکی ناوازەی پێشاندا.
 
درەوشانەوەی پۆگبا لە یانەکە ئیتاڵییەکە، هۆکاربوو بۆ ئەوەی ساڵی 2016 یونایتد بەرامبەر 105 ملیۆن یۆرۆ گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات، بەڵام رووبەڕووی پێکانی زۆر بووەوە و ناکۆکی لەنێوان ئەو و جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری ئەوکاتی یانەکەدا سەریهەڵدا.
 
پۆگبا لە یونایتد هەروەها رەخنەی ئەوەی لێگیرا کە مووچەیەکی زۆر بەرز وەردەگرێت و ئاستی باش نییە، هەربۆیە ساڵی 2022 بەخۆڕایی لە یانەکە رۆیشت.
 
پێشتر سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدابوو کە پۆگبا ئەگەر هەیە روو لە یانەی مارسیلیای فەرەنسی بکات. هەندێک سەرچاوەش باسیان لەوەکردبوو کە یانەکانی خولی سعودیە و ئەمریکا، ئامادەن دەستەوارە پێشکێشی ئەو یاریزانە بکەن کە ساڵی 2018 لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا، نازناوی مۆندیالی بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە