رووداو دیجیتاڵ
دوای بردنەوەی ئەرجەنتین بەرامبەر پێرو لە یاریگای لابۆمبۆنێرا، زۆربەی یاریزانەکان گەڕانەوە بۆ یانەکانیان بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە ئەمساڵ کۆتایی پێبهێنن، بەڵام ئەمە بۆ لیۆنێل مێسی دڵخۆشکەر نابێت، چونکە بۆ ماوەیەکی درێژ مۆڵەتی ناچاری وەردەگرێت و لە ماڵەوە بێ کار و کەسابەت دەبێت.
لەگەڵ دەرچوونی ئینتەرمەیامی لە پلەی ئۆفی خولی ئەمریکی دوای دۆڕاندنی بە ئەتلەنتا یونایتد، یانەکەی مێسی یاری نەماوە، چونکە خولی ئەمریکی تاوەکو مانگی شوباتی ساڵی نوێ دەستپێناکاتەوە هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش یاری نەماوە، بۆیە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بۆ ماوەی نزیکەی 3 مانگ بێکار دەبێت.
لیۆنێل مێسی ئێستا چەند رۆژێک لە شاری رۆزاریۆی ئەرجەنتین بەسەردەبات و لەوێش دەرفەتەکەی قۆستەوە بۆ ئەوەی سەردانی یاریگای مەشقەکانی لالیبرا بکات.
لە کاتی پشووەکانیدا لە شاری رۆزاریۆ، لیۆنێل مێسی و ئەنتۆنێلا رۆکۆزۆی هاوژینی سەردانی سەنتەری راهێنانی خۆرخێ بێرناردۆ گریڤای یانەی نیولز ئۆڵد بویز کرد.
ئەم سەردانە پەیوەستە بەبەشداری تیاگۆ مێسی کوڕی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لە پاڵەوانێتی نیویڵز کە نوێنەرایەتی تیپی ئینتەرمەیامی دەکات.
بڕیارە پاڵەوانێتی نیوێڵز لە 25 تاوەکو 29ـی ئەم مانگە لە شاری رۆزاریۆ بەڕێوەبچێت، بە سیستەمی 11 یاریزان بۆ هەر تیپێک، بەبەشداری یاریزانانی لەدایکبووی ساڵی 2012 لە: ئەرجەنتین، ئەمریکا، ئۆرۆگوای، و پێرو.
راهێنانی تاکەکەسی
لەم ماوەیەدا لەوانەیە هاندەران ببینن مێسی بە تەنیا راهێنان بکات بۆ پاراستنی توانا جەستەییەکانی، لە کاتێکدا تیپە ئەمریکییەکەی خۆی بۆ قۆناخێکی نوێ ئامادە دەکات لەژێر سەرکردایەتی خاڤیێر ماسکیرانۆی راهێنەری ئەرجەنتینی، کە ئەرکی سەرکردایەتیکردنی تیپەکەی گرتووەتە ئەستۆ، لە شوێنی تاتا مارتینۆی هاونیشتیمانییە ئەرجەنتینییەکەی.
ماسکیرانۆ سەرکردایەتی تیپی لاوانی ئەرجەنتین بەجێدەهێڵێت و سەرکردایەتی یانەی ئینتەرمەیامی وەردەگرێت.
گرێبەستەکەی ماسکیرانۆ لەگەڵ ئینتەرمەیامی تاوەکو ساڵی 2027 درێژ دەبێتەوە.
ئینتەرمەیامی پێشتر یارییەکی دۆستانەی بەرامبەر ئۆرلاندۆ سیتی لە 14ـی شوباتی داهاتوو راگەیاندووە، ئەمەش دەرفەتێک بە هاندەرانی مێسی دەبەخشێت کە دوای دوورکەوتنەوەیەکی درێژخایەن، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بینینەوەی مێسی بکەن.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت مێسی بەشێوەی تاکەکەسی راهێنان بکات وەک ئامادەکارییەک بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە دوو گەڕی نوێی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 لە مانگی ئاداری داهاتوودا.
پێکانی زۆر
لە ماوەی ئەمساڵدا ئەو یاریزانەی درێسی ژمارە 10ـی ئینتەرمەیامی و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەبەردەکات، رووبەڕووی چەندین پێکان بووەوە کە وایکرد لە زۆر لە یارییەکانی ئینتەرمەیامی بەشداری نەکات، ئەو پێکانەش کە لە کاتی کۆپا ئەمریکادا تووشی بوو دیارترینیان بوو، چونکە بەهۆی ئەو پێکانەوە بۆ ماوەی دوو مانگ ئامادەنەبوو.
لە مانگی ئایاردا مێسی لە کاتی بردنەوەی تیپەکەی بەرامبەر مۆنتریال بەئەنجامی 3-2 لە قاچی چەپی تووشی پێکان بوو، هەروەها لە یارییەکەی بەرامبەر ئۆرلاندۆ سیتی بەشداری نەکرد.
دیارترین بەربەستەکانی مێسی لە ساڵی 2024
مێسی 25 یاری لەگەڵ ئینتەرمەیامی ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا 23 گۆڵی تۆمارکرد و 13 ئەسیستی هەبوو، لەگەڵ هاوڕێکانیدا قەڵخانی هاندەرانی بەدەستهێنا.
لە کاتێکدا بەشداری لە 11 یاریدا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردووە، کە تێیدا 6 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئەسیستی هەبووە، لەگەڵ هاوڕێکانی نازناوی کۆپا ئەمریکای بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ