ڤیدیۆ؛ چوارقوڕنە سوپرایزی ئەم وەرزەیە و زاخۆ هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی چوارقوڕنە سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا، لە دوایین خولەکەکاندا گۆڵی بردنەوەی بەرامبەر سەیدسادق تۆمارکرد و چووە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی کورستان.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولەکەدا، چوارقوڕنە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لە کەشوهەوایەکی باراناوی و سارددا میوانداریی یانەی سەیدسادقی کرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لێبردەوە و سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا.
 
سەرەتا عومەر محەممەد گۆڵێکی بۆ یانەی چوارقوڕنە تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست، بەڵام بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە جوامێر حەمەئەمین بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی بۆ یانەی سەیدسادق یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا و نیوەی یەکەم بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، هەردوو هەوڵیاندەدا گۆڵی دیکە تۆماربکەن، بەڵام یارییەکە تاوەکو دوایین خولەک وەک خۆی مایەوە، بەر لەلێدانی فیکەی کۆتایی لەلایەن ناوبژیوانی یارییەکەوە، گەیلان بورهان گۆڵی دووەمی بۆ یانەی چوارقوڕنە تۆمارکرد، نەیهێشت هاندەرانی یانەکە بەو سەرما و بارانە بە دڵتەنگییەوە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و ئاهەنگی خستە نێو پەیژەکانی یاریگەی یانەکەی.
 
چوارقوڕنە یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، ئەمە سێیەم بردنەوەی یانەکەیە لەم وەرزەی خولەکەدا و بووە خاوەنی 11 خاڵ، بەمەش بەشێوەیەکی کاتی یانەکە بۆ پلەی دووەمی ریزبەندی خولی کوردستان سەرکەوت.
 
لە یارییەکی دیکەدا، کە لە زاخۆ بەڕێوەچوو، یانەی زاخۆ سەرەڕای ئەوەی بەرگریی لە یارییەکانی بەبێ دۆڕان کرد، بەڵام دوو خاڵی لەدەستدا، دوای ئەوەی بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی هەندرێن یەکسانبوو.
 
زاخۆ هاوشێوەی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە 6 گەڕی ئەم وەرزەی خولی کوردستاندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەڵام یارییەکی لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر زیاتر ئەنجامداوە.
 
بڕیاربوو دوو یاریی دیکە لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولی کوردستان بەڕێوەبچن، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەواو و کەمی ئاستی بینینەوە هەردوو یاریی نێوان پێشمەرگەی هەولێر و برایەتی، ئارارات و دهۆک بۆ کاتێکی دیکە دواخران.