میدیای بەرازیل: ئەگەری هەیە فیفا بە تووندی سزای هەڵبژاردەی بەرازیل بدات

27-11-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فیفا رێوشوێنی تەمبێکارانە دەگرێتەبەر لەسەر رووداوەکانی یارییەکەی بەرازیل و ئەرجەنتین لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2026.
 
دەستپێکردنی یارییەکەی نێوان بەرازیل و ئەرجەنتین، کە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر بۆ تانگۆ کۆتاییهات، 27 خولەک لە وادەی دیاریکراوی خۆی دواکەوت، بەهۆی روودانی شەڕ و گرژی لە نێوان هەندەرانی هەردوو هەڵبژاردە و پۆلیسی بەرازیلی، کە یارییەکە لەسەر یاریگەی ماراکانا بەڕێوەچوو.
 
لە کاتی گوتنەوەی سروودی نیشتمانی لە یەکێک لە ستاندەکانی یاریگەکە، کە هاندەرانی بەرازیلی و ئەرجەنتینی لێبوون، شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لە نێوان هاندەران و پۆلیسدا روویدا.
 
بەگوێرەی میدیاکانی بەرازیل، تۆمەتەکان ئاراستەی هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و ئەرجەنتین کراون.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین بەوە تۆمەتبارکراوە کە ئاژاوەگێڕی لەنێو هاندەراندا ناوەتەوە و هۆکاری دواکەوتنی یارییەکە بووە، هاوکات یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیلیش بەوە تاوانبارکرا کە نەیتوانیوە ئاسایشی یارییەکە مسۆگەر بکات.
 
پێشتر کەناڵی تەلەڤزیۆنی گڵۆبۆی بەرازیلی بڵاویکردەوە، کە یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیلی رووبەڕووی سزا دەبێتەوە، و دەڵێت "بەئەگەری زۆرەوە فیفا بەهۆی یاریی ئەرجەنتینەوە سزای بەرازیل دەدات. لەوانەیە هەڵبژاردەی بەرازیل چەند یارییەک بەبێ هاندەر بکات یان لە یاریگەیەکی بێلایەن. تەنانەت دوور نییە فیفا چەند خاڵێک لە هەڵبژاردەی بەرازیل کەمبکاتەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە