ڤیدیۆ؛ رۆدریگۆ ریالی بردەوە پێشەنگی لالیگا

رووداو دیجیتاڵ

 

ریال مەدرید سەرەڕای یارینەکردنی زۆر لە یاریزانە سەرەکی و گرنگەکانی، کە بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتوونەتەوە، توانی بگاتەوە پێشەنگی لالیگا، ئەگەرچی بەشێوەیەکی کاتیش بێت.
 
ریال مەدرید لە گەڕ 14ـی لالیگادا، بووە میوانی کادیز و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لێیبردەوە و پێش خیرۆنای پێشەنگ کەوت، کە ئەمڕۆ رووبەڕووی ئاتلێتیک بیلباو دەبێتەوە.
 
رۆدریگۆی بەرازیلی رۆڵی سەرەکی بینی لە سەرکەوتنی مێرێنگێ دوای ئەوەی گۆڵی یەکەم و دووەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و ئاسیستی گۆڵی سێیەمیشی کرد.
 
یاریزانە بەرازیلییەکە، کە بەر لە یارییەکە گومان لە بەشداریکردنی دەکرا، بەشێوەیەکی زۆر باش دەستی بە یاریکرد و لە خولەکی 13 گۆڵێکی نایابی بۆ یانەی شاهانە تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی تیپی میوان بەو تاکە گۆڵە کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا باشترین یاریزانی یارییەکە لە خولەکی 64 گۆڵی دووەمی خۆی و ریال مەدریدی تۆمارکرد.
 
رۆدریگۆ بەردەوام بوو لە پێشکێشکردنی ئاستە بەرزەکەی و لە خولەکی 74 ئاسیستێکی بۆ جود بێلینگهامی هاوڕێی کرد و ئەویش تۆڕی کادیزی هەژاند و یارییەکە 3-0 لە بەرژەوەندی تیپی میوان کۆتاییهات.
 
تیپی ئیتاڵی کارلۆ ئەنچێلۆتی ژمارەی خاڵەکانی کردە 35 خاڵ و بەشێوەیەکی کاتی گەیشتە لووتکەی ریزبەندیی خولەکە و بە خاڵێک پێش خیرۆنا کەوت، کە ئەمڕۆ بە رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو کۆتایی بەم گەڕە دەهێنێت.