رێنارد گەڕایەوە بۆ مەشقدانی سعودیە

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەدەستەواژەی 'گەڕایەوە' فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، گرێبەستکردنی لەگەڵ هێرڤی رێناری فەرەنسی وەک راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکە راگەیاند.
رێنارد کە پێشتر لە مۆندیالی 2022ی قەتەردا راهێنەری هەڵبژاردەکە بوو، توانی سەرکەوتنێکی مێژوویی بەسەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا بەدەست بهێنێت لە یەکەم یاریی هەردوو هەڵبژاردە لە پاڵەوانێتییەکە، بەرلەوەی ئەرجەنتین دواتر نازناوەکە بەدەست بهێنێت.
گەڕانەوەی رێنارد بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی سعودیە، لەپاش دوورخستنەوەی رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری ئیتاڵی لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە دێت، پاشئەوەی لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو، هەڵبژاردەکە زنجیرەیەک ئەنجامی خراپی بەدەستهێنا.
سعودیە لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو لە دۆخێکی خراپدایە، لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەیەتی بە پێنج خاڵ.
رێنارد کە لە دوای مەشقدانی سعودیە روویکردە مەشقدانی هەڵبژاردەی ئافرەتانی فەرەنسا، لەو ڤیدیۆیەدا کە بەبۆنەی گەڕانەوەی بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی سعودیە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێ، "نەمدەویست بڕۆم، بەڵام کاتێک نیشتمانەکەت لەدەرگات دەدات، دەبێ بڕۆیت". ئەو هەروەها دەڵێ، "پەیوەندیم بەسعودیە، هاندەرەکانی، یاریزانەکانی هەمووی یادەوەرییە، ناتوانم لەبیریان بکەم، چیرۆکەکەم لەگەڵ سعودیە کۆتایی نەهاتووە و گەڕامەوە".
رێنارد پێشتر لە مانگی سێی ساڵی 2023دا مەشقدانی هەڵبژاردەی سعودیەی بەجێهێشت، پاش مانەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ و 205 رۆژ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە