بەرپرسانی یانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگ لە ئیسپانیا لەگەڵ چاڤیدا کۆبوونەتەوە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز یانەی مانچێستەر یونایتد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بەتەواوی نزیکبووەتەوە لە دەرکەوتن لە پرێمەرلیگ، پاش دانوستاندنی بەرپرسانی یانەیەکی ئەو خولە، لەگەڵ راهێنەرە ئیسپانییەکە.
 
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، لە رۆژانی رابردوودا، چاڤی لە ئیسپانیا لەگەڵ شاندی بەرپرسانی یانەیەکی پرێمەرلیگ کۆبووەتەوە بۆ وەرگرتنی مەشقدانی ئەو یانەیە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، عومەر بەرادە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانچێستەر یونایتد، بەیاوەریی سێ لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە، چووەتە ئیسپانیا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ چاڤی و قسەکردن لەبارەی ئەگەری مەشقدانی یانەکە، لەلایەن ئەو راهێنەرەوە.
 
وێڕای نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێریک تێن هاگ، راهێنەری مانچێستەر یونایتد لە هاوینی رابردوودا، بەڵام تیپەکە لە دۆخێکی باشدانییە و ئەگەر دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە لە مەشقدانی یانەکە نزیکە.
 
بەپێی رۆژنامە ئینگلیزییەکە، کۆبوونەوەی بەرپرسانی یونایتد و چاڤی بەر لە دە رۆژ بووە، پاشئەوەی پەیوەندی تەلەفۆنیی لە نێوان هەردوولادا روویداوە و چاڤیش لای خۆیەوە مەشقدانی هەر یانەیەکی دیکەی ئیسپانیای رەتکردووەتەوە.
 
ئەگەرچی رۆژنامەکە دەڵێ بژاردەی دیکەش لەبەردەم مان یونایتد هەن، وەک رۆبین ئامۆریمی راهێنەری لیسبۆنا، تۆماس فرانکی راهێنەری برێنتفۆرد و ئیدین تێرزیچ راهێنەری پێشووی بۆرووسیا دۆرتمۆند، بەڵام پێدەچێ چاڤی نزیکترین بێت بۆ مەشقدانی یانە ئینگلیزییەکە.
 
مانچێستەر یونایتد کە ساڵی سێیەمیەتی لەگەڵ تێن هاگ، ئەنجامەکانی لەم وەرزەدا باش نین. تیپەکە پلەی دوانزەی ریزبەندی خولی پرێمەرلیگی گرتووە بە 11 خاڵ و کۆی دە خاڵ لە تیپەکانی پێشەوەی ریزبەندییەکە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە