یەکەم کاردانەوەی سەرۆکی ریال مەدرید پاش دۆڕانی کلاسیکۆ


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، یەکەم کاردانەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدریدیان لە پاش شکستی یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر ئاشکراکردووە.
 
ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا دووچاری شکستێکی گەورە بوو، کاتێک بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر بە بارسێلۆنا دۆڕا.
 
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی دەڵێ، دوای شکستەکە، سەرۆکی ریال مەدرید چووەتە ژووری جلگۆڕینی یانەکە و قسەی بۆ هەمووان کردووە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، پێرێز بە یاریزانەکانی گوتووە، "ریال مەدریدی ئێستا دۆڕان بەلایەوە نامۆیە، هەر بۆیە زۆر ئاساییە ئەم دۆڕانە زۆر ئازاربەخش بێت بۆ هەمووان، کارگێڕیی و یاریزانەکانیش".
 
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، پێرێز کاتێک دوای یارییەکە چووەتە ژووری جلگۆڕینی یاریزانەکانی، بینیویەتی هەمووان ورەیان رووخاوە و زۆر نیگەرانن، خۆیشی بەهەمان شێوە هەستی بەنیگەرانییەکی زۆر کردووە.
 
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێ، "شیکردنەوەی ئەوەی لە یارییەکەدا روویداوە دەکەوێتە دواتر، پاش چەند رۆژێکی دیکە، بەڵام ئێستا کەس بیر لە هەنگاوی بەپەلە و هەڵوێستی دراماتیکیانە ناکاتەوە، متمانە بەتەواوی لەدەستنەدراوە و هێشتا ئومێد ماوە".
 
مارکا زیاتر دەڵێ، "پێرێز دووپاتیکردووەتەوە کە دەبێ پەرچەکردار هەبێت، پاشئەوەی کە شیکردنەوە بۆ ئەوە دەکرێت کە لە کلاسیکۆدا روویدا. هەروەها دەبێ بەپەلە رێگەچارە بۆ ئەو دۆخە لەناکاوە بدرۆزرێتەوە کە یانەکە ئێستا تێیکەوتووە".
 
ریال مەدرید هەفتەیەکی لەبەردەمدایە بۆ بەخۆداچوونەوە و راستکردنەوەی رێگەکەی، مارکاش دەڵێ ئەوە پشوویەکی باش دەبێت پاش رووداوەکانی کلاسیکۆ، بەتایبەتیش کە لە ناوەڕاستی هەفتەکەدا یاریزانانی ریال مەدرید باڵادەستیی خۆیان بەسەر ئاهەنگی باڵۆندۆردا دەسەپێنن و دەکرێ ئەوە کەمێک لە ورەی ئەستێرەکانی تیپەکە بەرز بکاتەوە، بەر لە گەڕانەوە بۆ مەشقەکان.
 
دوای شکستەکەی کلاسیکۆ، راهێنەری ریال مەدرید، دوو رۆژ پشووی بە یاریزانەکانی داوە و پێشبینیکراوە بەشێک لە ئەستێرەکانی یانەکە رۆژی دووشەممە بەشداری ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆن دۆر بن کە لە پاریس ئەنجامدەدرێت.