لێدوانی راهێنەران.. ئەنچێلۆتی دان بە راستییەکەدا نانێت و فلیک دڵخۆشە

دوێنێ کاژێر 11:11
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی هانزی فلیک یاریی کلاسیکۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای یاریی کلاسیکۆ، کە بارسێلۆنا 4-0 لە ریال مەدریدی بردەوە، راهێنەرانی هەردوو تیپ بەشدارییان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا کرد و قسەیان بۆ میدیاکاران کرد.
 
ئەمە پوختەی قسەکانی هەردوو راهێنەرە:
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
 
ئەوەی پەیوەندی بە ئێمباپێیەوە هەیە، ئێمە سەرکێشیمان کرد. ئێمە دەمانزانی ئەوان بەرگرییەکی زۆر دەکەن، ئێمەش زۆر نزیکبووین لە سوودوەرگرتن لەو خاڵە. هەلی گۆڵکردنمان هەبوو، هەندێکجاریش دەکەوتینە دۆخی ئۆفسایدەوە، ئەمەش بۆ ئەوان شتێکی ئاساییە. ئەوان بەهەمان ستایل یاری دەکەن، بەڵام ئێمباپێ سێ چوار هەلی گۆڵکردنی هەبوو. ئەمجارە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەو دەرفەتانەدا نەبوو. کاتێک ئاهەنگی گۆڵی چوارەمیان گێڕا، یەکێک لە ئەندامانی ستافی تەکنیکی فلیک بێڕێز بوو لە شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی لەبەردەم کورسی یەدەگی ئێمەدا. من تەنیا بە فلیکم گوت و ئەویش لەگەڵم هاوڕابوو لەسەر ئەو بابەتە.
 
پەشیمان نیم لە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ یارییەکەدا، لە گێمی یەکەمدا بەهەمان ستایلی گێمی دووەممان بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند یاریمان کرد بە گوشارخستنە سەر هێڵی بەرگری ئەوان، سەرکەوتوو بووین لە دروستکردنی هەلی گۆڵکردن. گۆڵی ئێمباپێ بە یەک ملیم بووە ئۆفساید. هەروەها چانسێک هەبوو بۆ ڤینیسیۆس. پەشیمان نیم لە شێوازی یاریکردنمان لەم یارییەدا. ئایا سەختترین ساتمە لەگەڵ یانەکەدا؟ وابزانم دۆڕان ساتێکی سەختە. هەروەها کاتێک بۆ یەکەمجار لە چل و دوو یاریدا دەدۆڕێی ساتێکی سەخت دەبێت.
 
ئەوەی تیپەکەم لە گێمی یەکەمدا کردی، ناچاری کردین بەردەوام بین لە کارکردن بۆ قۆستنەوەی هاتنە پێشەوەی هێڵی بەرگرییان، بێگومان دەمەوێت سوپاسی هاندەران بکەم، چونکە ئەوان بەدرێژایی یارییەکە لە پشتمانەوە بوون. پێویستە بەردەوام بین لە شەڕکردن و کارکردنی سەخت. نابێت ئەوەی تاوەکو ئێستا کردوومانە فڕێ بدەینە نێو زبڵدانەوە، چونکە هیچ شتێک نییە فڕێی بدەین. پێموایە شەست خولەک بەباشی کێبڕکێمان کرد، و دەبێت لەبیرخۆمان ببەینەوە کە چی روویداوە لە سی خولەکی کۆتاییدا، قۆناخێکی زەحمەت بوو، چونکە ویستمان بگەڕێینەوە ناو یارییەکە.
 
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا:
 
ئێمە یەک گۆڕانکاریمان کرد، هەروەها گرنگ بوو کە ئێمە ویستی خۆمان لە بەرگریدا نیشان بدەین. لەوانەیە گۆڕانکارییەکە لە رووی گوشارخستنە سەر تۆپەوە جیاواز بووبێت، ئەوە بۆ ئەو یاریزانەش گرنگ بوو کە تۆپەکەی لابوو. ئێمە باشتر کۆنترۆڵی تۆپەکەمان کردبوو.
 
ئەمشەو یارییەکی نایابمان کرد، و بەڕاستی شانازی بە تیپەکەوە دەکەم. هەمووان لەسەدا سەد پێشکەسیان کرد. من دڵخۆشم بۆ ئیناکی پێنا، چونکە ئەمشەو کارێکی نایابی کرد. 
 
هەمیشە سەرنجم لەسەر ئاستی تیپەکە و پلانی یارییەکەیە، و ئایا چۆن تیپەکە پابەندە بەو پلانەی کە دامناوە. ئەوە گرنگترین شتە بۆ من، هەروەها من دڵخۆشم بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا، چونکە شایەنی ەئوەن دڵخۆش بن.
 
دەبێت ژینگەیەک و کەشوهەوایەک دروست بکەین کە یاریزانەکان باشترین ئاستی خۆیان نیشان بدەن. پێموایە تاوەکو ئێستا لەڕووی کەشوهەوا و عەقڵیەتی تیپەکەوە بەباشی دەڕوات. بەڕاستی دەتوانین ئاهەنگ بگێڕین بۆ بردنەوەکەمان، بەڵام من دوو رۆژ پشووم بە یاریزانەکان داوە، سبەی چاک دەبنەوە، دوای ئەوە رۆژێک لەلای منیشەوە پشوویان دەبێت، دواتر دەگەڕێنەوە بۆ ئامادەکاری بۆ یاریی داهاتوو بەرامبەر ئیسپانیۆل. ئێستا کاتێکی باشە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبردنەوەکە، بەڵام دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی سەرنجمان لەسەر یارییەکانی داهاتوو بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە