ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک چووە یۆرۆپالیگ

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک نەیتوانی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ ببڕێت و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی خولەکە کرد.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا، لە کۆمەڵەی یەکەمدا، یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی هاوشانی یانەی ناپۆلیی ئیتاڵی خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ئایاکسی هۆڵەندی  بەدەستهێنا.
 
گۆڵەکانی رێدز هەریەکە لە محەممەد سەڵاح، داروین نونێز و هارڤبی ئیلیۆت تۆماریکردن.
 
لیڤەرپوول بەم بردنەوەیە بووە خاوەنی 12 خاڵ و راستەوخۆ خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی خولەکە، ئایاکس سێ خاڵی هەیە و بە یەکسانبوون و بردنەوە لە گەڕی داهاتوودا دەچێتە یۆرۆپالیگ.
 
دیمەنەکانی یاریی لیڤەرپوول و ئایاکس
 
 
 
هەر لەم کۆمەڵەیەدا، یانەی ناپۆلی، یەکێک لە بەهێزترین یانەکانی ئەم وەرزەی خولە گەورەکانی ئەوروپا، لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و پێنجەم بردنەوەی لەسەریەکی لە چامپیۆنزلیگدا تۆمارکرد، کاتێک لە یانەی گلاسکۆ رێنجەرزی سکۆتلاندیی بردەوە.
 
یاریی نێوان هەردوو یانە لە یاریگەی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا بەڕێوەچوو، پارتێنۆپێ ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
 
گۆڵەکانی یانەکەی باشووری ئیتاڵیا لەلایەن هەریە لە جیۆڤانی سیمیۆنی دوو گۆڵ و لیۆ ئوستیگاردەوە تۆمارکران.
 
ناپۆلی لە 5 یارییدا 5 بردنەوەی هەیە و پێشتر سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 یەکلاکردووەتەوە، رێنجەرز هەموو یارییەکانی دۆڕاندووە و هیچ خاڵێکی نییە.
 
 
دیمەنەکانی یاریی ناپۆلی و رێنجەرز
 
 
 
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا، یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر یانەی کلەب برووجی پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە بەدەستهێنا.
 
یاریی نێوان ئەم دوو یانەیە هەرچەند لە بەلجیکا بەڕێوەچوو، بەڵام پۆرتۆ باشتر یارییکرد و بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
لە خولەکی 33 مەهدی تاریمی گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، پاشان لەنیوەی دووەمدا هەریەکە لە ئیڤانێلسۆن و ستیڤن ئانتۆنیس دوو گۆڵی دیکەیان تۆمارکرد، لە خولەکی 70 تاریمی گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی پۆرتۆی تۆمارکرد و یارییەکە بەو ئەنجامە لە بەرژەوەندی پۆرتوگالییەکان کۆتاییهات.
 
پۆرتۆ هاوشانی کلەب برووج گەیشتە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ.
 
دیمەنەکانی یاریی کلەب برووج و پۆرتۆ

 

 
 
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دوایین ساتەکاندا هەلی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ لەدەستدا، کاتێک بەرامبەر یانەی بایرلیڤەرکوزن یەکسانبوو و لە دوایین خولەکدا لێدانێکی سزای گۆڵ نەکرد.
 
هەردوو یانە لە واندا میترۆ پۆلیتانۆ رووبەڕووی یەکبوونەوە، یارییەکی پڕ رکابەری و بەهێز لەنێوان هەردوولادا کرا.
 
لە خولەکی 9 موسا دیابی گۆڵێکی بۆ بایرلیڤەرکوزن تۆمارکرد، بەڵام یانیک کاراسکۆ زوو ئەنجامەکەی راستکردەوە.
 
لە خولەکی 29 هودسۆن ئودۆی یانە ئەڵمانییەکەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ و ننیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی پێکهاتەی چابی ئەڵۆنسۆ کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 50 رۆدریگۆ دی پاوڵ جارێکی دیکە ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە یەکسانکردەوە، یارییەکە خۆشتر و گەرمتر لێهات و ئاتلێتیکۆ مەدرید هەموو هەوڵێکی دەدا بۆ تۆمارکردنی گۆڵی دیکە، لە دوایین ساتەکاندا لێدانێکی سزا هەژمارکرا، یانیک کاراسکۆ لێدانەکەی لەدەستدا و بەمەش یارییەکە بەیەکسانبوون کۆتاییهات و ئاتلێتیکۆ مەدرید هەلی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی لەدەستچوو و چووە یۆرۆپالیگ.
 
دیمەنی یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بایرلیڤەرکوزن
 
 
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا، ئەنجامە ناخۆش و چاوەڕواننەکراوەکان بۆ هاندەرانی بارسێلۆنای ئیسپانی روویاندا و یانەکەیان ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد.
 
بەر لە یاریی بارسێلۆنا و بایرن میونشن، یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی ڤیکتۆریا پڵزنی چیکی یارییکرد، نیرازۆری یارییەکەی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
گۆڵەکانی یانە ئیتاڵییەکە لەلایەن هەریەکە لە هێنریک مێختاریان، ئیدین دزیکۆ دوو گۆڵ و رۆمێلۆ لوکاکوە تۆمارکران.
 
بەم بردنەوەیە ئینتەرمیلان، خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ و بارسێلۆنای بەر لە ئەنجامدانی یارییەکەی بەرامبەر بایرن لە گەیشتن بەو قۆناخە بێهیوا کرد.
 
 
دیمەنەکانی یاریی ئینتەرمیلان و ڤیکتۆریا پڵزن
 
 
 
بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆی میوانداریی بایرن میونشنی کرد، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بەبردەوە دڵی هاندەرانی خۆش بکات، بەڵام ئەوەشی پێنەکرا و یانەکە لەو یارییەشدا دۆڕا.
 
بارسا سەرەڕای ئەوەی لە یاریگەی خۆیدا یارییدەکرد، بەڵام ئاستێکی خراپی پێشکێشکرد و بایرن میونشن لەوان باشتر دەرکەوت.
 
دوای تەنیا 10 خولەک یارییکردن، سادیۆ مانێ گۆڵی یەکەمی بۆ یانە باڤارییەکە تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 31 ئێریک چوپۆ مۆتینگ یانەی میوانی کردە خاوەنی دوو گۆڵ و باڤارییەکان نیوەی یەکەمیان بە ئارامی تەواوکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا بارسێلۆنا نەیتوانی هیچ لە یارییەکە بگۆڕێت، بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە بە چەند خولەکێک بێنیامین پاڤار گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، بایرن میونشن یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا دۆڕا.
 
بارسێلۆنا دوای بردنەوەی ئینتەرمیلان لە ڤیکتۆریا پڵزن، راستەوخۆ ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد و بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک چووە یۆرۆپالیگ، کە یەکەمجارە لە دوای وەرزی 1999-1998ـەوە ئەمە لە یانەکەدا روودەدات.
 
هاوکات بایرن میونشن ریکۆردی ریال مەدریدی یەکسانکردەوە و زۆرترینجار تیپێک بەرامبەر یانەیەک لە چامپیۆنزلیگدا دۆڕابێت، بارسێلۆنایە بەرامبەر بایرن کە 10 یاریی دۆڕاندووە، پێشتر ریال مەدرید هەمان ژمارەی بردنەوەی بەرامبەر بایرن میونشن تۆمارکردووە.
 
دیمەنەکانی یاریی بارسێلۆنا و بایرن میونشن
 
 
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵە ئاڵۆزەکەدا و کۆمەڵەی چوارەمدا، یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی لە دوایین ساتەکاندا گۆڵێکی رەتکرایەوە و بەو هۆیەوە سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو یەکلا نەبووەوە.
 
تۆتێنهام لە نێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتوگالی یارییکرد، دوای تەنیا 22 خولەک یارییکردن، مارکۆس ئیدواردز گۆڵێکی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد و سپۆرتینگی پێشخست.
 
یارییەکە تاوەکو 10 خولەک پێشکۆتاییهاتنی یارییەکە بەمشێوەیە بەردەوامبوو، لە خولەکی 80 رۆدریگۆ بێنتاکور گۆڵێکی بۆ یانە ئینگلیزییەکە تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
دوای ئەم گۆڵە تۆتێنهام گوشاری زۆری خستە سەر گۆڵی میوانەکەی، بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە بە خولەکێک، هاری کەین گۆڵێکی تۆمارکرد، هەمووان چاوەڕێ بوون، سپێرز بەو گۆڵە بگاتە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ، بەڵام ناوبژیوان گۆڵەکەی رەتکردەوە، بەمەش یارییەکە بەیەکسانبوون بە 1-1 کۆتاییهات و هیچ یەکێک لە یانەکان نەگەیشتنە قۆناخی داهاتوو.
 
تۆتێنهام بە 8 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە و سپۆرتینگ بە 7 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گرتووە.
 
دیمەنەکانی یاریی تۆتێنهام و سپۆرتینگ لیشبۆنە
 
یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە لەنێوان هەردوو یانەی ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی و مارسیلیای فەرەنسی بوو، کاتێک لە ئەڵمانیا رووبەڕووی یەکبوونەوە و خاوەن یاریگە سێ خاڵی یارییەکەی بردەوە.
 
سێ خولەک یارییکردن بەسبوو بۆ ئەوەی دایچی کامادا گۆڵی پێشکەوتن بۆ یانە ئەڵمانییەکە تۆماربکات، بەڵام هەر زوو لە خولەکی 2 ماتیۆ گێندوزی ئەنجامەکەی بۆ مارسیلیا یەکسانکردەوە.
 
وەڵامی ئاینتراخت خێرابوو و دوای 4 خولەک راندال کولۆ موانی ئەنجامەکەی جارێکی دیکە بۆ ئاینتراخت فرانکفۆرت گۆڕی و گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.
 
یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەو ئەنجامە مایەوە، ئاینتراخت فرانکفۆرت لە پلەی سێیەمە بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ، مارسیلیا پلەی چوارەمی گرتووە و خاوەنی 6 خاڵە، هیچ یانەیەک لەم کۆمەڵەیەدا سەرنەکەوتووە و لە گەڕی کۆتاییدا یەکلادەبێتەوە کێ دەگاتە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.
 
دیمەنی یاریی ئاینتراخت فرانکفۆرت و مارسیلیا