گەڕی شەشەمی پرێمەرلیگ.. ئاگر بەردەداتە رکابەرییەکانی خولەکە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕێکی نوێی پرێمەرلیگدا چەندین یاریی بەهێز هەیە و رکابەریی خولەکە دەچێتە ئاستێکی بەرزترەوە. مانچێستەر سیتی پێشەنگ هێزی خۆی بەرامبەر نیوکاسڵ لە نیو سانت جەیمس پارک تاقیدەکاتەوە. لە کاتێکدا ئارسیناڵ میوانداریی لیستەر سیتی دەکات و ئەرکی تۆتێنهامیش قورسە.
 
 
لووتکەی رۆژی شەممە
 
سەرەتای هەفتەی داهاتوو، گەڕی شەشەمی پرێمەرلیگ دەستپێدەکات و مانچێستەر سیتی، شریتی هەفتەکە بەرووبەڕووبوونەوەی نیوکاسڵ دەپچڕێنێت. نیوکاسڵ بە برینێکی قوڵەوە لە لەندەنەوە گەڕاوەتەوە، دوای ئەوەی یانەکە لە هەفتەی رابردوو بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە یانەی فولهام دۆڕا، ئەو یانەیە بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ دێت و لە پێنج یاریدا حەوت گۆڵی تۆمارکردووە و شەش گۆڵی لێکراوە.
 
لەلایەکی دیکەوە مانچێستەر سیتی هەفتەی رابردوو، لە یارییەکی دراماتیکیدا لە یاریگەی ئیتیحاد، بە ئەنجامی 2-2 یەکسانبوو بەرامبەر یانەی ئارسیناڵ، یانەکە بە گۆڵێکی جۆن ستۆنز لە دوایین خولەکەکان خاڵێکی لە یانە لەندەنییەکە کردەوە.
 
باجی بەدەستهێنانی ئەو خاڵە قورس بوو بۆ یانەی مانچێستەر سیتی، لەو یارییەدا ئەستێرەی یانەکە و یەکێک لە بەربژێرە گرنگەکانی بالۆندۆر، رۆدری، تووشی پێکان بوو و بۆ ماوەیەکی درێژ لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
مانچێستەر سیتی لە پرێمەرلیگی ئەمساڵدا بە تۆمارکردنی 13 گۆڵ و بەدەستهێنانی 13 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە دێت و هاوشانی ئارسیناڵ، تاوەکو ئێستا لە هیچ یارییەکدا تووشی دۆڕان نەبووە.
 
لە دوایین پێنج ڕووبەرووبوونەوەدا، یانەی مانچێستەر سیتی چوار جار لە نیوکاسڵ یونایتدی بردووەتەوە و نیوکاسڵ لە یەک یاریدا سەرکەوتنی بەسەر مانچێستەر سیتیدا بەدەستهێناوە.
 
ئارسیناڵ و پێنجەم بردنەوە
 
لە یارییەکی دیکەدا، یانەی ئارسیناڵ رووبەڕووی لیستەر سیتی دەبێتەوە. ئارسیناڵ بەدوای پێنجەم بردنەوەی لەسەریەکدا دەگەڕێت بەسەر لیستەر سیتیدا. ئەو دوو یانەیە بە یادی رکابەریی نێوانیان لە وەرزی 2015-2016 یاری دەکەنەوە، ئەو وەرزەی لیستەر سیتی نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا، یانەی ئارسیناڵ دووەمی ئەو وەرزە بوو.
 
لیستەر سیتی دوای وەرزێک دابڕان و یاریکردن لە خولی چامپیۆنشیپی ئینگلتەرا، ئەمساڵ گەڕایەوە پرێمەرلیگ، بەڵام ئەنجامەکانی ئەو یانەیە دڵخۆشکەر نین، لیستەر سیتی بە سێ یەکسانبوون و دوو دۆڕان لە پێنج یاریدا و بە کۆکردنەوەی سێ خاڵ لە پلەی پانزەیەمی پرێمەرلیگ دێت، ئەو یانەیە شەش گۆڵی تۆمارکردووە و هەشت گۆڵی لێکراوە.
 
لە لایەکی دیکەوە یانە لەندەنییەکە بە خاڵێکەوە لە یاریگەی ئیتیحاد دەگەڕێتەوە، ئەمجارە لە یاریگەی ئیمارات، بۆ سێ خاڵی گرنگی یارییەکە دەجەنگێت. ئارسیناڵ ئەمساڵ سێ یاری بردووەتەوە و لە دوو یاریدا یەکسانبووە، ئەو دوو یارییەی یانە لەندەنییەکە تیایاندا یەکسانبوو لە هەندێک روودا لە یەکدەچن، یانەی ئارسیناڵ لە هەردوو یارییەکەدا لە ئەنجامدا لەپێش بوو، بەڵام دوای وەرگرتنی کارتی سوور، یانەی بەرامبەر ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
ئارسیناڵ لە یارییەکەی ئەم گەڕەدا، لە تواناکانی شەش یاریزانی خۆی بێبەش دەبێت کە گرنگترینیان، ئۆدیگارد، لیاندرۆ ترۆسارد و میکێل مێرینۆن.
 
یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت لە رێی بردنەوە لە لیستەر سیتی دووبارە بگەڕێتەوە رێچکەی سەرکەوتنەکان، لیستەر سیتیش دەیەوێت یەکەم بردنەوەی ئەم وەرزەی لە یاریگەی ئیماراتەوە بەرامبەر یانەی ئارسیناڵ تۆماربکات.
 
مانچێستەر و تۆتێنهام یەکشەممە ئاگردەدەن
 
لە یارییەکی دیکەدا، مانچێستەر یونایتد و تۆتینهام رۆژی یەکشەممە رووبەڕووی یەکدەبنەوە. ئەو دوو یانەیەی پێشبینی ئاستێکی باشتر لە راهێنەرەکانیان دەکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا وەک پێویست دەرنەکەوتوون، ئەم یارییە هەلێکە بۆ ئەوەی رێڕەوی تیپەکانیان راست بکەنەوە.
 
ئەو دوو یانەیە بەکۆکردنەوەی حەوت خاڵ لە پلەکانی دەیەم و 11ی پرێمەرلیگ دێن. هەردوو یانەکە پێنج گۆڵیان لێکراوە، بەڵام یانەی تۆتینهام نۆ گۆڵی تۆمارکردووە و یانەی مانچێستەر یونایتد تەنیا پێنج گۆڵی تۆمارکردووە.
 
زۆربەی یاریزانە پێکراوەکانی هەردوو یانە گەڕاونەتەوە و پێشبینی یارییەکی پڕ رکابەریی دەکرێت.
 
لە یارییەکی دیکەدا هەردوو یانەی چێڵسی و برایتۆن رووبەڕووی یەک دەبنەوە، یانە لەندەنییەکە لە پێنج گەڕی رابردوودا، 10 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە ریزبەندی پێنجەمی خولەکە دێت، ئەو یانەیە لە بازاڕی گواستنەوەکاندا زۆر چالاک بوو و چەند گواستنەوەیەکەی نایابی ئەنجامدا و هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئینزۆ مارێسکا، راهێنەری یانەکە بژاردەی زۆری لە بەردەم بێت و بەم ئاستە جیاوازەوە دەربکەوێت.
لە لایەکی دیکەوە یانەی برایتۆن، لە دوایین سێ گەڕدا تامی بردنەوەی نەکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو یانەیە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا، برایتۆن لە پێنج یاریدا نۆ خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی حەوتەمی پریمەرلیگ دێت.
 
 
خشتەی سەرجەم یارییەکانی ئەم هەفتەیەی پرێمەرلیگ
 
رۆژی شەممە
 
نیوکاسڵ یونایتد - مانچێستەر سیتی 14:30
 
ئارسیناڵ - لیستەر سیتی 17:30
 
برێنتفۆرد - وێستهام 17:30
 
چێڵسی - برایتۆن 17:30
 
ئیڤرتۆن - کریستاڵ پاڵاس 17:30
 
نۆتینگهام فۆرێست - فولهام 17:30
 
ولڤەرهامپتن - لیڤەرپوول 19:30
 
رۆژی یەکشەممە
 
ئیپسویچ تاون - ئاستۆن ڤیلا 16:30
 
مانچێستەر یونایتد - تۆتینهام 18:30
 
رۆژی دووشەممە
 
بۆرنمۆس - ساوسهامتۆن 22:00
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە