هۆکاری ناکۆکی نێوان رۆناڵدۆ و تێن هاگ ئاشکرابوو

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تێن هاگ کریستیانۆ رۆناڵدۆ ستیڤ ماکلارێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ستیڤ ماکلارێن، یاریدەدەری پێشووی ئێریک تێن هاگی راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، بۆ یەکەمجار هۆکاری ناکۆکی نێوان تێن هاگ و کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی ئێستای یانەی نەسڕی سعودی ئاشکراکرد و گوتی "تێن هاگ لەسەر حەق بوو، چونکە رۆناڵدۆ بەگوێی نەدەکرد".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە مانگی کانوونی دووەمی 2022 مانچێستەر یونایتدی بەجێهێشت و پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد، دوای ئەوەی ناکۆکی لەنێوان ئەو و راهێنەرە هۆڵەندییەکەیدا دروستبوو.
 
ماکلارێن لە لێدوانەکانیدا بۆ رۆژنامەی زە تێلێگرافی بەریتانی، نهێنییەکانی پشت پەردەی سەبارەت بەو رووداوە ئاشکراکرد و گوتی "تێن هاگ لەسەر حەق بوو. راهێنەری هۆڵەندی بەبیرۆکەیەکی روونەوە لەبەردەم هەموواندا هاتە مانچێستەر یونایتد".
 
راهێنەرە ئینگلیزییەکە، کە لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا مانچێستەر یونایتدی بەجێهێشت و ئێستا سەرکردایەتی هەڵبژاردەی جامایکا دەکات، ئاماژەی بەوەدا کە بیرۆکەی تێن هاگ لە یەک رستەدا کورتکراوەتەوە و دەڵێت "ئەگەر رانەکەیت، یاری ناکەیت".
 
ماکلارێن ئاماژەی بەوەشکرد، راهێنەری هۆڵەندی لەسەر ئەم بابەتە زۆر توندبوو لەگەڵ هەموو یاریزانانی تیپەکە بە کریستیانۆ رۆناڵدۆشەوە.
 
ماکلارێن روونیشیکردەوە "رۆناڵدۆ دانی بە پێوەرەکانی تێن هاگدا نەدەنا و بیرۆکەکانی جێبەجێ نەدەکرد، ئەوە بووە هۆکاری سەرهەڵدانی ناکۆکی لەنێوانیاندا پێش ئەوەی یاریزانی پۆرتوگالی بەرەو یاریگاکانی سعودیە بڕوات".
 
ئەو یاریزانەی پێنج جار براوەی باڵۆن دۆر بوو، گرێبەستەکەی دڕاند و لە ناوەڕاستی وەرزی یەکەمی تێن هاگدا ریزەکانی مانچێستەر یونایتدی جێهێشت.
 
بەقسەی ماکلارێن، رۆناڵدۆ هەرزوو رەتیکردەوە بەشداری یارییەکان بکات، دواتر لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ رۆژنامەڤان پیێرس مۆرگان بەئاشکرا رەخنەی لە راهێنەرەکە گرت.
 
دۆن رۆناڵدۆ رەخنەی لە تێن هاگ گرت و ئاماژەی بەوەدا کە مانچێستەر یونایتد ئامادە نییە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر نازناوی  پرێمەرلیگ یان چامپیۆنزلیگ بکات.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 39 ساڵان، لەو هەڤپەیڤینەدا ئاشکرایکرد کە رێز لە تێن هاگ ناگرێت، چونکە ئەو رێزی لێناگرێت، هەروەها رایگەیاند کە هەستی بە "خیانەت" کردووە لەلایەن یونایتدەوە، کە لەدوای رۆیشتنی راهێنەری ئەفسانە سێر ئەلێکس فێرگسۆنەوە هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە.
 
دوای دوو مانگ، تێن هاگ نازناوی جامی کاراباوی بۆ مانچێستەر یونایتد بردەوە و کۆتایی بە وشکەساڵیی شەش ساڵەی شەیتانە سوورەکان هێنا، پێش ئەوەی سەرکەون بۆ چامپیۆنزلیگ.
 
مانچێستەر یونایتد، مووشەکەکەی مادێرای گەڕاندەوە بۆ ئۆڵدترافۆرد، کاتێک بەرامبەر 25.5 ملیۆن دۆلار لە یوڤێنتوسی کڕییەوە، بەڵام زۆری نەخایاند و کریستیانۆ لە ئۆڵترافۆرد دەرچوو بەرەو سعودیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە