ئەمڕۆ گەڕی شەشەمی خولی ئیتاڵی دەستپێدەکات

 

رووداو دیجیتاڵ
یوڤێنتوس، سێ گەڕە هیچ گۆڵێکی تۆمارنەکردووە و ئەی سی میلان بە ورەیەکی پۆڵایینەوە دەگەڕێتەوە سان سیرۆ و رووبەڕووی لیچی دەبێتەوە لە درێژەی یارییەکانی گەڕی شەشەمی سیری ئا.
 
لە یەکەم یاریی گەڕی شەشەمی خولی ئیتاڵیدا، یانەی ئەی سی میلان رووبەڕووی لیچی دەبێتەوە، میلانی گەورە، گەڕی رابردوو بەئەنجامی 2-1 دێربی میلانۆی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاییکردەوە و توانی سێ خاڵی گرنگ لە یانەی ئینتەر میلان بەدەستبهێنێت.
 
یانەی لیچی ئەم هەفتەیە لە جامی ئیتاڵیا کرایە دەرەوە و لە خولیشدا بەکۆکردنەوەی تەنیا پێنج خاڵ لە پلەی 17ـەمی خولەکە دێت.
 
ئەی سی میلان لەلایەکی دیکەوە بە کۆکردنەوەی هەشت خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندییەکە دێت و یانەکە بۆ تۆمارکردنی 11 گۆڵ، زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە لەم وەرزەی خولی ئیتاڵیدا.
 
یانەی ئەی سی میلان بۆ ئەم یارییە ناتوانێت سوود لە تواناکانی هەریەکە لە "مالیک تیاو، ئیسماعیل بین ناسڕ، داڤید کالابریا و ئەلیساندرۆ فلۆرێنزی" ببینێت.
 
لە یارییەکی دیکەی ئەم گەڕەدا یانەی ئودینێزی لە یاریگەی بلو ئینێرژی، میوانداریی یانەی ئینتەرمیلان دەکات، ئودینێزی دوای ئەوەی لە چوار گەڕی سەرەتادا لە پلەی یەکەمی خولەکەدا بوو، بە دۆڕانێکی سەخت بەئەنجامی 3-0 بەرامبەر بە یانەی رۆما لە گەڕی رابردوو، هاتە خوارەوە و لە پلەی سێیەمی خولەکە جێگیربوو.
 
لەلایەکی دیکەشەوە ئینتەرمیلان، دوای دۆڕانەکەی لە دێربیی دێلا مادۆنینا بەرامبەر بە یانەی ئەی سی میلان، بە کۆکردنەوەی هەشت خاڵ لە پلەی حەوتەمی سێری ئا دێت.
 
یانەکە بێبەش دەبێت لە تواناکانی ئەستێرەی ناوەڕاستی یاریگە، نیکۆلۆ بارێلا و ئەو یاریزانە بۆ یارییەکەی ئودینێزی ئامادە نابێت.
 
لە دوایین پێنج جار ئەو دوو یانەیە رووبەڕووی یەک بووبن، ئینتەرمیلان چوارجار بردنەوەی بەدەستهێناوە بەرامبەر بە یەک بردنەوە بۆ یانەی ئودینێزی.
 
یانەی یوڤێنتوس لەم گەڕە، میوانی جێنەوا دەبێت، خانمە پیرەکە سێ یاریی لەسەریەکە نەیتوانیوە گۆڵ تۆماربکات لە خولی ئیتاڵی و بەشێوەیەکی روون کێشە هێرشبەرییەکانی یانەکە دەرکەوتوون و پێشبینی ئەوە دەکرێت تیاگۆ مۆتا، چارەسەرێک بۆ ئەو بابەتە بدۆزێتەوە، هەرچەندە ئەو یانەیە لە چامپیۆنزلیگدا ئاستێکی جیاوازی پێشکێشکرد کاتێک توانی بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ئایندهۆڤنی هۆڵەندی بباتەوە.
 
یانەی یوڤێنتوس تاکە یانەیە لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا، هیچ گۆڵێکی لێ تۆمارنەکرابێت.
 
یانەی جێنەوا بە کۆکردنەوەی پێنج خاڵ لە پلەی 16ـەمی خولەکە دێت، ئەو یانەیە نزیکەی سێ ساڵە نەدۆڕاوە بەرامبەر یانەی یوڤێنتوس.
 
ناپۆلی بەبێ گۆڵپارێزە سەرەکییەکەی رووبەڕووی یانەی مۆنزا دەبێتەوە، ئالێکس مێرێت، گۆڵپارێزی ئیتاڵی بەهۆی پێکانەکەیەوە لە یارییەکە ئامادە نابێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت تپەکەی ئانتۆنیۆ کۆنتی بەردەوام بێت لەسەر ئاستە سەرسووڕهێنەرەکەی، کە ئەو یانەیە بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ لە پلەی دووەمی خولەکە دێت، یانەی مۆنزاش دوای دەستپێکێکی خراپ، بە کۆکردنەوەی تەنیا سێ خاڵ لە پلەی پێش کۆتایی ریزبەندیی خولی ئیتاڵی دێت.
 
یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئیتاڵی
 
هەینی 27ـی9ـی2024
 
ئەی سی میلان - لیچی 21:45 
 
شەممە 28ـی9ـی2024
ئودینێزی - ئینتەرمیلان 16:30 
جێنەوا - یوڤێنتوس 19:00
بۆڵۆنیا - ئاتالانتا 21:45
 
یەکشەممە 29ـی9ـی2024
 
تۆرینۆ - لازیۆ 13:30 
کۆمۆ - هێلاس ڤیرۆنا 16:00
رۆما - ڤێنیزیا 16:00
ئیمپۆلی - فیۆرێنتینا 19:00
ناپۆلی - مۆنزا 21:45
 
دووشەممە 30ـی9ـی2024
پارما - کالیاری 21:45