نرخی ئەو ئۆتۆمبێلەی یاریزانانی ریال مەدرید وەریانگرت چەندە؟

رووداو دیجیتاڵ

هەر یەکێک لە یاریزانانی ریال مەدرید ئۆتۆمبێلێکی دوامۆدێلی لە کۆمپانیای بی ئێم دەبلیۆی ئەڵمانی وەرگرت و هەر یاریزانێک بەدڵی خۆی ئەو ئۆتۆمبێلەی هەڵبژارد کە حەزی لێیە.
 
کیلیان ئێمباپێ و هەر یەکێک لە هاوڕێکانی لە ریال مەدرید ئۆتۆمبێلێکی بی ئێم دەبلیۆی وەرگرت، لە چوارچێوەی ئەو هاوبەشیەی لەنێوان یانەکە و براندی ئەڵمانی دا هەیە.
 
لەنێو ئەو مۆدێلە جیاوازانەی پێشکەشیان کرا، ئێمباپێ ئەستێرەی فەرەنسی مۆدێلی پلاگین هایبرید XMـی هەڵبژارد، کە دەتوانی بە کارەبا بارگاوی بکەی.
 
سەبارەت بە ڤینیسیۆس و جود بێلینگهام، ئەوان مۆدێلی BMW i7ـیان هەڵبژارد، لە وەشانە سەرسوڕهێنەرەکەیدا M70 xDrive.
 
ئەو ئۆتۆمبێلەی ڤینی و بێلی هەڵیانبژاردووە 100% کارەبایە، درێژییەکەی لانیکەم 5.4 مەتر دەبێت و توانای 659 ئەسپی بۆ دانراوە.
 
نرخی بازاڕی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلەی بی ئێم دەبلیۆ 179.900 یۆرۆیە. 
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئەوەی لوکاس ڤاسکێز هەڵیبژاردووە گرانترین مۆدێل بوو لە هەموو مۆدێلە بەردەستەکان بۆ هەڵبژاردن، کە لە جۆری  BMW i7 M70 xDriveـیە و توانای 659 ئەسپی بۆ دانراوە و نرخەکەی 186.650 یۆرۆیە.
 
ساڵانە کۆمپانیای BMW ئەڵمانی، نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکانی پێشکەشی یاریزانانی یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی ئەوروپا دەکات.