کێشەی ئۆسیمێن و ناپۆلی تەقییەوە و ئەگەری هەیە یاریزانەکە بڕوات

27-09-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ڤیکتۆر ئۆسیمێن ناپۆلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ڤیکتۆر ئۆسیمێن، ئەستێرەی نەیجیری و یانەی ناپۆلی کێشەی لەگەڵ یانەکەی هەیە و ئەگەری هەیە بەو هۆیەوە یاریزانەکە لە گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا لە ریزەکانی یانەکە بڕوات.
 
کێشەی نێوان یاریزانەکە و یانە ئیتاڵییە ئەو کاتە بەتەواوی تەقییەوە کە یانەکە لە تیکتۆک ڤیدیۆییەک وەک گاڵتەپێکردن بە یاریزانەکە بڵاوکردەوە، هەرچەند یانەکە دواتر ڤیدیۆکە سڕییەوە، بەڵام ئەوە ئۆسیمێنی ئارام نەکردەوە.
 
لەنێوان ئۆسیمێن و ناپۆلیدا چی روویداوە؟
 
تەواوی چیرۆکەکە بەمشێوەیە
 
• یاریزانەکە لە دوایین یارییدا لێدانی سزای لەدەستدا، ناپۆلیش لە یارییەکەدا تووشی کێشە بوو و لەگەڵ رودی گارسیای راهێنەری تیپەکەدا بووە شەڕیان.
 
• ئەکاونتی ناپۆلی دیمەنێکی سەیر و نامۆی بڵاوکردەوە کە گاڵتەیان بە یاریزانەکە کرد سەبارەت بە لەدەستدانی لێدانە سزاکە.
 
• کێشەی یاریزانەکە لەگەڵ راهێنەر و ئەوەی لە یارییەکەدا کردوویەتی چارەسەر بوو، هەموو ئەوانەش تەنیا توڕەیی نێو یاریگە بوون  و تاکە خەمی بۆ سوودی تیپەکە بوو.
 
• چیرۆکی یارییەکە کۆتاییهات، بەڵام چیرۆکی ئەکاونتی ناپۆلی کۆتایی نەهات، چونکە پارێزەر و بەڕێوەبەری کارەکانی ئۆسیمێن گوتیان یاریزانەکە زۆر تووڕە بووە لەوەی ناپۆلی کردوویەتی و بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت رێکاری یاسایی بەرامبەر ناپۆلی بگرێتەبەر.
 
• ئۆسیمێن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام سەرجەم وێنەکانی لەگەڵ ناپۆلی سڕیوەتەوە.
 
• تاوەکو ئەم ساتەوەختە گرێبەستەکەی لەگەڵ ناپۆلی نوێ نەکردووەتەوە.
 
ئۆسیمێن، ئەستێرەیەکی دیاری کیشوەری ئەفریقا و خولی ئیتاڵییە، وەرزی رابردوو رۆڵی گەورەی بینی بۆ بردنەوەی نازناوی سێریا ئەی لەگەڵ یانەکە، بەڵام لە دوای دەستنیشانکردنی رۆدی گارسیا، وەک راهێنەری یانەکە کێشە لە یانەکەدا دروستبوون و ئەگەری هەیە ئەو کێشانە ببنە هۆکاری رۆیشتنی ئەستێرە نەیجیرییەکە.
 
ڤیکتۆر تەمەنی 24 ساڵە، تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ ناپۆلی نوێنەکردووەتەوە و گرێبەستی ئێستای لە هاوینی ساڵی 2025 کۆتاییدێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە