بەشێک لە ئابڵوقەی وەرزشیی سەر رووسیا هەڵگیرا


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، بڕیاریدا سزاکانی سەر تیپەکانی رووسیا سووک بکات.
 
لەدوای هێرشی رووسیاوە بۆ سەر ئۆکراینا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، سزای بێبەشکردن و دوورخستنەوەی بەسەر هەڵبژارد و یانە وەرزشییەکانی ئەو وڵاتەدا سەپاند، بەڵام لە دوا کۆبوونەوەی یەکێتییەکەدا، بڕیاری سووککردنی سزاکان درا.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، لە کۆبوونەەی خۆیدا لە قوبرس، بڕیاریدا رێگە بەبەشداریی تیپێکی کچان و یەکێکی کوڕان لە رووسیا لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوو بدات.
 
لیژنەی جێبەجێکاری یۆفا بڕیاریداوە، هەڵبژاردەی رووسیای خوار 17 ساڵان لەسەر ئاستی کوڕان و هەمان هەڵبژاردە لەسەرئاستی کچان، رێگەی بەشداریکردنیان پێبدرێت لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن پاڵەوانێتیەکانی داهاتوو کە بڕیارە هاوینی داهاتوو ساز بکرێن.
 
فیدراسیۆنە ئەوروپییەکە رایگەیاندووە کە یارییەکانی ئەو تیمانە لە دەرەوەی رووسیا ئەنجامدەدرێن و تیپە بەشدارەکان بەدرێسی ئاساییەوە بەشداریی دەکەن، بەبێئەوەی رێگەیان پێبدرێت هیچ سیمبولێکی نیشتمانیی لەسەر درێسەکانیان هەبێت و ئاڵا و ژەنینی سروودی رووسیاش قەدەخەیە لە کاتی دەرکەوتنیان.
 
ئەلیکساندەر چیفێرین، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لەبارەی ئەو هەنگاوەوە رایگەیاندووە، "ئابڵوقەی سەر تیپە گەورەکانی رووسیا بەردەوامە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا سوورە لەسەر بەردەوامبوون لەم هەڵوێستە، تاوەکو کۆتایی هاتنی جەنگ و بەرقەراربوونی ئاشتی".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "پێمانوابوو رێگەگرتن لە بەشداریکردنی منداڵان لە پاڵەوانێتییەکانمان تەنیا مانای ئەوە نییە کە ئێمە شکستمان هێناوە بەدانپێدانانی ئەوان بە مافی بنچینەیی گەشەکردن و پێویستیی پشتگیریکردنیان، بەڵکو ئەمە دەبێتە حاڵەتێک لە حاڵەتەکانی جیاکاریش بەرامبەریان".
 
وێڕای بڕیارەکەی یۆفا، بەڵام بێبەشکردنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی رووسیا لە پاڵەوانێتییە ئەوروپی و جیهانییەکان بەردەوام دەبێت و یانەکانی ئەو وڵاتەش، لە دەرەوەی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان دەمێننەوە.