ساکا نەخۆشخانەی ئارسیناڵ قەرەباڵختر دەکات

27-09-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ئارسیناڵ بوکایۆ ساکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بوکایۆ ساکا، چووە نێو لیستی یاریزانە پێکراوەکانی یانەی ئارسیناڵەوە، دوای ئەوەی راهێنەری یانەکە تووشبوونی ئەوی بە پێکان راگەیاند.
 
ساکا لە دوا یاریی یانەکەی بەرامبەر تۆتێنهام، لە دێربیی باکووری لەندەن، کە بە یەکسانبوون 2 - 2 گۆڵ کۆتاییهات، لە دوا خولەکەکانی یارییەکەدا بەشەلەشەل چووە دەرەوە و ئەو یاریزانە لانیکەم بەشداریی یاریی ئەمشەوی ئارسیناڵ بەرامبەر برێنتفۆرد ناکات لە جامی کاراباو کەپ.
 
گومان هەیە ساکا توانای بەشداریکردنی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر بۆرنمۆس هەبێت لە خولی پرێمەرلیگ کە رۆژی شەممەی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.
 
ئەگەر ساکای 22 ساڵ، بەشداریی یارییەکەی شەممە نەکات، زنجیرەی بەشدارییە لەسەریەکەکانی لە پرێمەرلیگ لە 86 یارییدا رادەوەستێت کە ئەوە بەشدارییەکی مێژووییە لە مێژووی یانەی ئارسیناڵدا و پێشتر هیچ یاریزانێک ئەو ژمارە یارییەی بەسەریەکەوە بۆ یانەکە نەکردووە.
 
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ گوتوویەتی، دوای یارییەکەی تۆتێنهام، ساکا بەشەلەشەل چووەتە دەرەوە و دەستەی پزیشکیی یانەکە ناچاربوون بچنە ژێر باڵی بۆ ئەوەی رێ بکات. راهێنەرەکە گوتوویەتی "ئەوەی بینیمان مایەی گەشبینی نییە" و دووپاتی لەوەش کردووەتەوە کە یاریزانەکە ناتوانێ بەشداریی مەشقەکان بکات.
 
لەبارەی ئەگەری بەشدارنەبوونی ساکا لە یاریی داهاتووی یانەکە لە پرێمەرلیگ بەرامبەر بۆرنمۆس، راهێنەری ئارسیناڵ لە وەڵامدا دەڵێ، "بەڵێ ئەوە ئەگەرێکی نزیکە".
 
ساکا چووە پاڵ بەشێکی دیکەی یاریزانانی یانەکە کە دووچاری پێکان بوون، لە نێویاندا دیکلان رایس کە لە یارییەکەی تۆتێنهام و لە پشووی نێوان گێمەکاندا، گۆڕانکاریی پێکرا.
 
پێشتر ئارسیناڵ پێکرانی هەریەکە لە گابریێل مارتینێلی، لیاندرۆ تروسارد، یوریین تێمبەر و تۆماس پارتی راگەیاندبوو کە بۆ یارییەکەی تۆتێنهام لە یانەکەیان دابڕان.
 
ساکا سەرەتایەکی نایابی لەگەڵ ئارسیناڵ لە وەرزی ئەمساڵدا هەبوو، چوار گۆڵی تۆمارکردووە و چوار ئەسیستی هەیە و یەکلاکەرەوەترین یاریزانی یانەکەیە تاوەکو ئێستا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە