پزیشکێک هۆکاری نوێبوونەوەی پێکانی ئاردا گولەر ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

پزیشکێکی وەرزشی، هۆکاری نوێبوونەوەی پێکانی ئاردا گولەری یاریزانی گەنجی یانەی ریال مەدرید ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئارامیان نەگرت و بە قسەی منیان نەکرد".
 
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر ئاردا پەیوەندی بە مەشقەکانی ریال مەدریدەوە کرد، بەڵام میدیاکان ئاشکرایانکرد کە یاریزانەکە پێکانەکەی نوێبووەتەوە و سێ هەفتە تاوەکو مانگێکی دیکە دووردەکەوێتەوە.
 
گۆنزالێز، کە پزیشکێکی وەرزشییە، هۆکاری دووبارە پێکرانەوەی ئاردا ئاشکرا دەکات و دەڵێت "نەیانزانی بەباشی مامەڵە لەگەڵ ئەو کوڕە بکەن، بۆیە تووشی پێکان بووەوە، ئەوان بە قسەی منیان نەکرد".
 
ئەو پزیشکە، دەڵێت "کاتێک ئاردا گولەر نەشتەرگەری ئەژنۆی بۆ کرا، گوتم پێویستە ئارام بگرین تاوەکو بەتەواوی چاک دبێتەوە، ئێمە ئانسۆ فاتییەکی دیکەمان ناوێت".
 
هەروەها دەشڵێت "ئەو نەشتەرگەرییەی کە بۆی کراوە نابێت هیچ کێشەیەکی درێژخایەنی لێبکەوێتەوە، بە مەرجێک پرۆسەی چاکبوونەوە بە ئارامی ئەنجام بدرێت". 
 
گۆنزالێزی پزیشک، هەروەها دەڵێت "ئێمە باسی منداڵێک دەکەین کە هێشتا جەستەی گەشەی نەکردووە، کەچی دەچن لەگەڵ رودیگێر و ئالابا راهێنانی پێدەکەن. بەو شێوەیە جەستەت زیاتر ئازار دەچێژێت. تۆ سەرەتا پێویستە ماسوولکەکانت بەهێز بکەی".
 
ئاردای یاریزانی تورک، نزیکەی 4 مانگە پەیوەندیی بە یانەی ریال مەدریدەوە کردووە، بەڵام یاریزانەکە هیچ یارییەکی بە درێسی یانەی شاهانەوە ئەنجامنەداوە، هۆکارەکەیشی ئەو پێکانەیە کە تووشی بووە.
 
گولەر دوای پەیوەندیکردن بە یانەی شاهانەوە، لە کەمپی مەشقەکانی ریال مەدریددا لە بەشی ناوەوەی ئەژنۆی راستیدا تووشی پێکانبوو، بەو هۆیەوە یاریزانەکە کەمپەکەی بەجێهێشت و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەڕایەوە مەدرید.
 
یاریزانە 18 ساڵەکەی تورکیا، لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا لە یانەی فێنارباخچەی تورکییەوە بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە ریال مەدریدەوە کرد.