بەر لە یارییەکەی ئەمشەو، فڕۆکە کێشەی بۆ مانچێستەر سیتی دروستکردووە

27-09-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جامی کاراباو مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، باسی لە بوونی تەنگژەیەک کردووە لە تیپەکەی بۆ دۆزینەوەی فڕۆکە لەپێناو گەڕانەوە بۆ شارەکەی خۆیان، پاش ئەنجامدانی یاریی بەرامبەر نیوکاسڵ.
 
نیوکاسڵ لە سانت جەیمس پارک، ئەمشەو میوانداریی مان سیتی دەکات، لە قۆناخی سێیەمی جامی کاراباو کەپ.
 
مانچێستەر سیتی، هەمیشە لە گواستنەوەکانی نێوخۆی ئینگلتەرادا شەمەندەفەر بەکاردەهێنێت، بەڵام وەک پێپ گوتوویەتی، ئەمشەو بۆ گەڕانەوە لە نیوکاسڵەوە، نەفڕۆکە و نە شەمەندەفەریان دەستنەکەوتووە.
 
بۆ گەڕانەوە لە نیوکاسڵەوە بۆ مانچێستەر، پاڵەوانی ئەوروپا ناچارە پاس بەکاربهێنێت و بۆ ئەوەش پێویستی بە گەشتێک هەیە کە 142 میل دەخایەنێت کە دەکاتە 228 کیلۆمەتر.
 
پێپ بە رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی راگەیاندووە "ئێمە درەنگ گەیشتینە نیوکاسڵ و ناتوانین بەفڕۆکە بگەڕێینەوە چونکە بەردەست نییە، کێشەیەک لە گەشتەکانی فڕۆکەدا هەیە".
 
راهێنەری سیتی دەڵێ، "لەسەرئەو بنەمایە، ئێمە بەپاس دەگەڕێینەوە و دوای دوو یان سێ کاژێر لە کاتی دەرچوونمان، دەگەینەوە کە ئەوەش کاتێکی زۆر درەنگە و زۆر زیاترە لەوەی ئێمە پلانمان بۆ دانابوو".
 
پێشبینیکراوە لە یارییەکەی ئەمشەودا، گواردیۆلا پشت بە پێکهاتەیەک ببەستێت کە ژمارەیەک یاریزانی سەرەکیی تیپەکە بەشداریی تێدا ناکەن، ئەمەش لە ترسی پێکانی یاریزانان، لە کاتێکدا ژمارەیەک یاریزانی تیپەکە دووچاری پێکان بوون.
 
هەریەکە لە رۆبن دیاز و کایڵ واکەر بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، لە کاتێکدا بێرناردۆ سێلڤا، جۆن ستۆنز و کیڤن دیبرۆین بەهۆی پێکانەوە ئامادە نابن و رۆدریش بەهۆی سزاوە لە یارییکردن بێبەشکراوە.
 
پێپ رایگەیاندووە کە لەسەرەتای وەرزدا پێنج تاوەکو شەش یاریزانی تیپەکەی ئامادەنەبوون، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە و ژمارەیەکی بەرچاوی یاریزانی تیپەکە پێکانیان هەیە، ئەو دەڵێ "دەبێ پشوو بەهەندێک یاریزان بدەین، بەرلەوەی بەرامبەر ولڤێرهامتن، لایپزیگ و ئارسیناڵ یاریی بکەین، چونکە ئەو یارییانە گرنگترن".
 
مانچێستەر سیتی، هەفتەی داهاتوو سێ رووبەڕووبوونەوەی گرنگی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی هەیە و تێیدا یەکەمجار بەرامبەر ولڤێرهامتن یارییدەکات رۆژی شەممەی داهاتوو، دواتر دەچێتە ئەڵمانیا بۆ یارییکردن بەرامبەر لایپزیگ، بەرلەوەی لە یارییەکی بەهێز و یەکجار گرنگدا، بەرامبەر ئارسیناڵ یاریی بکات لە خولدا.
 
گواردیۆلا دەڵێ، "کێشەکە کەمیی پشووە، بەتایبەت لە رووی فیکرییەوە، پشووی دوو تاوەکو سێ هەفتە لە نێوان وەرزێک و وەرزێکی دیکەدا هیچ کاریگەرییەکی نییە، کێشەکە کەمیی پشووەکانە".
 
راهێنەری مانچێستەر سیتی رەتیکردووەتەوە لە یارییەکەی ئەمشەودا پەنا بۆ بەکارهێنانی یاریزانانی ئەکادیمیای یانەکە ببات و ئەو دەڵێ، "نامەوێ سەرکێشی بکەم، ژمارەیەکی زۆری یاریزانی ئەکادیمیاکەمان فرۆشتووە، یاریزانە لاوەکانمان و یاریکردن بەرامبەر نیوکاسڵ لە جەیمس پارک، کارێکی ئاسان نییە، ئەوان ئامادەنین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە