ڤینیسیۆس ئامادەیە و ریال مەدرید دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی دێربی بکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ سەر رێگەی راست و قەرەبووکردنەوەی دۆڕانە گەورەکەیان لە یاریی دێربیی مەدریددا، یانەی ریال مەدرید جارێکی دیکە لە لالیگا یارییدەکات و ئەمشەو رووبەڕووی یانەی لاس پاڵماس دەبێتەوە.
 
کاژێر 20:00 بەکاتی باشووری کوردستان لە رکابەرییەکانی گەڕی حەوتەمی  لالیگادا یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی لاس پاڵماس دەکات.
 
میوانەکەی ریال مەدرید پێشتر 39 یاریی لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجامداوە و هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، 34 یاریی دۆڕاندووە و 5 جار یەکسانبووە، بۆیەش پێناچێت ئەرکی ریال مەدرید زەحمەت بێت.
 
بۆ ئەم یارییە هەریەکە لە ڤینیسیۆس جونیۆر و دانی کارڤاخال گەڕاونەتەوە نێو تیپەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی و هەردوو یاریزانەکە بەتەواوی ئامادەن.
 
رۆژنامەی مارکا دەڵێت "ئەگەری هەیە ڤینیسیۆس بەشێوەی سەرەکی یاریی بکات و دەیەوێت هاوکاریی یانەکەی بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی دۆڕانەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید."
 
ریال مەدرید لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو دەکرێت بگەڕێتەوە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە، دوای ئەوەی یانەی بارسێلۆنا دوو خاڵی بەرامبەر یانەی ریال مایۆرکا لەدەستدا.
 
جگە لەم یارییە یارییەکی دیکەی سەرنجڕاکێشی ئەمشەوی لالیگا لەنێوان هەردوو یانەی ڤیاریال و خیرۆنا دەبێت، کە ئەو یارییەش کاژێر 20:00 دەکرێت، لە هەمان کاتدا هەردوو یانەی ئاتلێتیک بیلباو و خێتافیش رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
لە یاریگەی میستایا و کاژێر 22:30 ڤالێنسیا میوانداریی ریال سۆسیداد دەکات و رایۆ ڤاییکانۆش دەبێتە میوانی یانەی کادیز.