لێدوانی راهێنەرانی پۆرتوگال و ئیسپانیا لەبارەی یاریی لووتکەی ئەمشەوی نەیشنسلیگ

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو لە یارییەکی یەکلاکەرەوەدا، لە کۆمەڵەی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، ئەمشەو کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان، هەڵبژاردەی پۆرتوگال میوانداری هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەکات، کە پۆرتوگال بە یەکسانبوونیش دەتوانێت بگاتە چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام ئیسپانیا بۆ بەدەستهێنانی بلیتەکە پێویستی بە بردنەوەیە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، راهێنەرانی هەردوو هەڵبژاردە قسەیان کرد و باسی یارییەکەیان کرد، کە ئەمە پۆختەی قسەکانیانە..
 
فێرناندۆ سانتۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال:
 
 
پاڵنەرمان گەیشتنە بە قۆناخی کۆتایی، کاتێک باسی گوشارم لەگەڵدا دەکەیت بیر لەوە دەکەمەوە، هیچ گوشارێک لەوە گەورەتر هەیە کە ئێستا ئێمە لەسەرمانە؟ ئەم یاریزانانە لە هەموو لایەکەوە گووشاریان لەسەرە، ئەوان هەمیشە بۆ بردنەوە یاری دەکەن، بۆ ئەوەی ببن بە پاڵەوان. ئەم هەڵبژاردەیە هەموو کات لەپێناو بردنەوەدا دەجەنگێت، ئەمە ئەرکی ئێمەیە و هەر ئەوەشمان لە هەڵبژاردەکەمان دەوێت.
 
من لە یارییەکەدا پێشبینی هەمان ئەو ئیسپانیایە دەکەم کە بەردەوام ناسیوومە، تیپێکی نایاب، لێهاتوو و بە ژمارەیەک یاریزانی ئەزمووندارەوە.. ئیسپانییەکان دێنە ئێرە بۆ بردنەوە.. ئیسپانیا هیچ کات نازانێ لەپێناو یەکسانبووندا یاری بکات، ئەوان دەزانن چۆن بردنەوە بەدەست دەهێنن، یاریزانەکانیان دەیانەوێت بۆ گەل و رۆژنامەڤانەکانی خۆیانی بسەلمێنن توانایان چەندە.. ئەگەر پێمانوابێت ئەوان بەهۆی یاری رابردووەوە بریندارن، من هیوادارم هەموو کات بریندار بن.
 
 
لویس ئینریکی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا:
 
پێموایە بەهێزترین هێڵی ئێمە هێڵی بەرگریمانە. لاوازترین نییە بەڵکو بەهێزترینە چونکە تەنیا یەک هێڵ بەرگری ناکات و هەموو تیپەکە بەرگری دەکات.. کاتێکیش هێرشدەبەین، تەنیا هێرشبەرەکان ئەو کارە ناکەن و ئەوانیدیکە جگەرە بکێشن و چاوەڕێی تۆپ بکەن، نا نەخێر ئێمە یەکەمجار لە ئۆنای سیمۆنەوە دەست بەهێرشبردن دەکەین، بۆیە دڵنیام لەوەی بەهێزترین هێڵی هەڵبژاردەکەم، هێڵی بەرگرییە.
 
ئێستا من تیپەکەم بۆ یاری کۆتایی ئامادە دەکەم. ئەو تیپەی کە پێموایە باشترینە و لەبەردەستی مندایە، ئامادەی دەکەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەختریین دۆخەکان لە بەرامبەر پۆرتوگالدا... ئایا چەند گۆڕانکاری دەکەم؟ ئەوە کاری راهێنەرە.. کاری راهێنەران لە کاری رۆژنامەڤانەکان زەحمەتترە.