پێلێگرینی: قورسە رووبەڕووی ریال مەدرید و ڤار ببیتەوە

27-09-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو - دیجیتال 

مانوێل پێلێگرینی، راهێنەری یانەی ریال بێتیس رایگەیاند، ئەستەمە رووبەڕووی یانەی ریال مەدرید و ناوبژیوانی ڤیدیۆیی (ڤار) ببیتەوە.

یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی شکستی بە یانەی ریال بێتیس هێنا و بە ئەنجامی 3-2 لێیبردەوە، لە دوای یارییەکەش لە سۆشیال میدیا وتەکانی پێلێگرینی دەنگانەوەیان هەبوو، دوای ئەوەی چەند رووداوێکی ناوبژیوانی لە یارییەکە روویاندا و ڤار بڕیاری خۆی دا.

دوای ئەوەی ریال بێتیس لە نیوەی 2-1 لەپێش یانەی ریال مەدریدەوە بوو، لە نیوەی دووەمدا ڤار بووە هۆکاری هەژمارکردنی گۆڵی یەکسانبوونی ریال مەدرید کە ئیمیرسۆن لەخۆیانی تۆمارکرد، دواتر کرانەدەرەوەی هەمان یاریزان لە رووداوێکی دیکەدا ئەویش ناوبژیوان سوودی لە سەیرکردنەوەی ڤار وەرگرت، ئینجا هەر بە ڤار دەرکەوت کە تۆپێک بەردەستی مارک بارترای بەرگریکەری یانەی بێتیس کەوتووە بەڵام گلەییەکان لە سۆشیال میدیا پێش ئەو بەردەستکەوتنە بوو، باس لە بوونی ئۆفساید دەکرا لەسەر مایۆرال.

هەموو ئەم رووداوانەی وای لە مانوێل پێلێگرینیی چیلی کرد کە بڵێت " زۆر قورسە بەرامبەر ریال مەدرید و ناوبژیوانی ڤار یاری بکەی، ئێمە لە نیوەی یەکەمدا باشتربووین، دوو گۆڵمان تۆمارکرد، سێ هەلی باشمان بۆ رێککەوت بەڵام لە نیوەی دووەمدا زۆر سەیربوو، کارتێكی سوور و لێدانێكی سزا و یاریکردن بە 10 یاریزان زۆر قورس بوو.

مانوێل گوتیشی: کاتێك بەرامبەر ریال مەدرید یاریدەکەیت و لێدانێکی سزات لەسەر هەژماردەکرێ و یاریزانێكیشت دەردەکرێ بەهۆی ڤارەوە، ئەمە زۆر قورسە، بەڵام من ئاستمان باش هەڵدەسەنگێنم کاتێک کە 11 یاریزان بەرامبەر بە 11 یاریزان یاریمان دەکرد.

مانوێل پێلێگرینی ئەم وەرزە بووەتە راهێنەری یانەی بێتیس و لە دوو یاریی یەکەمدا بردنەوەی بۆ تیپەکەی تۆمارکردبوو، بەڵام لە سێیەمدا بە ریال مەدرید دۆڕا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە