رۆناڵدۆ لەلایەن یوفاوە خەڵات دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ئەم هەفتەیە لە رێوڕەسمی تیروپشکی چامپیۆنزلیگدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی خەڵات دەکرێت.
یوفا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، لە رێوڕەسمی تیروپشكی چامپیۆنزلیگدا، کە ئەم پێنجشەممەیە ئەنجام دەدرێت، خەڵاتێکی تایبەتیان بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئامادەکردووە.
ئەلیکساندەر جێفرین، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، ئەم هەفتەیە خەڵاتی "باشترین گۆڵکار لە مێژووی چامپیۆنزلیگ" دەدات بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
وەک لە بەیاننامەکەی یوفادا هاتووە "کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەک باشترین گۆڵکار لە مێژووی جامپیۆنزلیگ خەڵات دەکرێت، ئەو یاریزانە 140 گۆڵی کردووە لە 180 یاریدا، 11 گۆڵ لەپێش لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی دێت، 46 گۆڵ لەپێش رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیی یاریزانی پۆڵەندییەوە دێت، بۆیە ئەو یاریزانە خەڵاتێکی تایبەت دەکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە تیروپشکی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە پێنجشەممەی داهاتوو لە مۆناکۆ بەڕێوەبچێت، بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا تییروپشکەکە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئەنجامدەدرێت و کریستیانۆ رۆناڵدۆ میوانی رێوڕەسمەکە دەبێت.