رووداو دیجیتاڵ
هەردوو یانەی ریال بێتیسی ئیسپانی و مۆناکۆی فەرەنسی، رکابەری لەسەر گواستنەوەی دانی سێبایۆس، یاریزانی یانەی ریال مەدرید دەکەن.
یاریزانەکە بیر لە چوونە دەرەوە لە یانەی شاهانە دەکاتەوە، بۆ ئەوەی خولەکی زیاتری بۆ یارییکردن هەبێت، هەردوو یانەش ئامادەن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "ئەگەری زۆر هەیە دانی سێبایۆس پێشکۆتاییهاتنی وادەی گواستنەوەی یاریزانان لە ریال مەدرید بڕوات."
ریال بێتیس لە ئەگەری گواستنەوەی ئەو یاریزانە پێویستی بە رۆیشتنی چەند یاریزانێک دەبێت بۆ ئەوەی ناوی یاریزانەکە تۆمار بکات، بەڵام مۆناکۆ هیچ کێشەیەکی نییە.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، هەموو هەوڵێک دەدات ئەو یاریزانە رازیبکات لە یانەکە بمێنێتەوە، بەتایبەت دوای رۆیشتنی تۆنی کرووس، بەڵام کەم یارییکردنی لە یارییەکاندا رەنگە یاریزانەکە ناچاربکات بیر لە چوونە دەرەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بکاتەوە.
دانی سێبایۆس ئێستا تەمەنی 28 ساڵە، گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، نرخەکەی لە بازاڕدا تەنیا 6 ملیۆن یۆرۆیە.
سێبایۆس پێشتر یاریزانی یانەی ریال بێتیس بووە و لە هەردوو تیپی دووەم و یەکەمی ئەو یانەیە یارییکردووە، ساڵی 2019 بەشێوەی خواستن لە ریال مەدریدەوە چووە ئارسیناڵ، ئێستاش لەسەر کورسی یەدەگی یانەی شاهانەیە، لەم وەرزدا تاوەکو ئێستا بەشداریی لە دوو یارییکردووە و تەنیا شەش خولەک یارییکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ