لاپۆرتا بارسێلۆنای خستووەتە چاڵێک دەرچوون لێی زەحمەتە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجامەکانی بارسێلۆنا لە سەرەتای وەرزدا نموونەیی بوون، رێک بەپێچەوانەی ئەو رووداوانەی لە ژوورەکانی کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکەدا روودەدەن، کە ئاژاوەیەکی زۆر بەخۆیانەوە دەبینن.
 
بارسێلۆنا سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ، بەپێی ئەوەی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، بەڵام بۆ ئەو کارە، ئاندریاس کریستینسنی یاریزانی لە لیستی ناوی یاریزانەکانی دوورخستەوە، بە سوودوەرگرتن لە یاساکانی لالیگا کە رێگە بە یاریزانێک دەدات لەبری یاریزانێکی دیکە تۆماربکرێت، ئەگەر تووشی پێکان بوو و بۆ ماوەی چوار مانگ یان زیاتر ئامادەنەبێت.
 
بارسێلۆنا هەمان ئەم یاسایەی له سەرەتای بازاڕی گواستنەوەکاندا بەکارهێنا بۆ لابردنی ناوی رۆناڵد ئاراوخۆ و شوێنکردنەوە بۆ تۆمارکردنی ناوێکی دیکە.
 
خوان لاپۆرتا، بە پلەی یەکەم بەرپرسیار بوو لەم دۆخە ناسەقامگیرە، بەڵام دۆخی سەختی کەتەلۆنیا لە ماوەی داهاتوودا خراپتر دەبێت، لەبەر چەند هۆکارێک کە لە خوارەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکەین:
 
هەوڵی بێ سوود
 
بەبێ هیچ ئامادەنەبوون و پێکانێک، بارسێلۆنا پێویستی بە بەرگریکارێک هەیە دوای رۆیشتنی جواو کانسێلۆ و کۆتایی هاتنی خواستنەکەی.
 
بەڵام یانەکە بڕیاریدا بچێتە ناو بازاڕی گواستنەوەکانەوە، و چاوی لەوەبوو یاریزانێکی بەرگریکاری باڵ بگوازێتەوە ریزەکانی، بەدرێژایی هاوینیش بەدوای نیکۆ ویلیامزدا رادەکرد، لە کۆتاییدا ئەو یاریزانە بڕیاریدا گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاتلێتیک بیلباو نوێبکاتەوە.
 
لابردنی یاریزانان لە لیستی ناوەکان
 
بارسێلۆنا لە هاویندا هەواڵی ناخۆشی پێگەیشت سەبارەت بە پێکانەکەی رۆناڵد ئاراوخۆ و دوورکەوتنەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر، کە ئەگەری هەیە زیاتر لە نیوەی وەرز لە یانە کەتەلۆنییەکە دووربخاتەوە، بۆیە کارگێڕیی یانەکە بڕیاریدا ئەو یاریزانە لە لیستی مووچەکان دووربخاتەوە بۆ ئەوەی یاریزانێکی دیکە تۆماربکات.
 
ئێستا بابەتەکە لەگەڵ کریستینسن دووبارە بووەتەوە کە بەم دواییە تووشی پێکان بووە و زۆر لە هەواڵەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە پێکانەکەی ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت، بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە راپۆرتێکی پێشکەش کردووە کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئامادەنەبوونی ئاراوخۆ بۆ ماوەی چوار مانگ دەبێت، و توانی دەستەی لالیگا بەم شتە رازی بکات، و یاریزانە دانیمارکییەکە لە لیستی مووچەکان دوورخستەوە بۆ ئەوەی ناوی ئۆلمۆ تۆماربکات.
 
دووانەیەک لە رێگەی دەرچووندان
 
بەگوێرەی ئەوەی میدیای سعودی بڵاویکردووەتەوە، یانەی ئیتیحادی سعودی لە بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا هەوڵدەدات تواناکانی ئینیگۆ مارتینێزی بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا بەدەستبهێنێت و پێناچێت یانە کەتەلۆنییەکە دژایەتی ئەو بیرۆکەیە بکات.
 
لە هەمانکاتدا هەواڵەکان باسیان لە گەڕانەوەی نزیکی ئێریک گارسیا کرد بۆ ریزەکانی جیرۆنا، دوای ئەوەی بەخواستن وەرزێکی باشی لەگەڵیان بەسەربرد.
 
رۆیشتنی ئەم دووانە هێڵی بەرگری بارسێلۆنا دەخاتە دووڕیانێکی سەختی زیاترەوە، بەهۆی کەمیی ژمارەی یاریزانان لە پۆستی دڵی بەرگریکاریدا.
 
 
دووان رۆیشتوون
 
بارسێلۆنا رۆیشتنی میکا فای بۆ ریزەکانی یانەی رێنی فەرەنسی راگەیاند، ئەمەش بەو مانایەیە کە یانە کەتەلۆنییەکە بەرگریکارێکی دیکەی ناوەڕاستی لەدەستداوە لە کاتێکدا کە زۆر پێویستی بە بوونی ئەو یاریزانە هەیە.
 
هەروەها رۆیشتنی کلیمێنت لێنگلێ بۆ ریزەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید راگەیێندرا، هەرچەندە بارسێلۆنا راستەوخۆ کاریگەری رۆیشتنەکەی لەسەر نەبوو، چونکە ئەو یاریزانە ساڵانێکە لە ریزەکانی بارسادا یاری نەکردووە، بەڵام بوونی ئەو دەکرا قەیرانەکە چارەسەر بکات.
 
دواهیوا
 
هیوای ئێستای بارسێلۆنا بۆ پۆستی بەرگریکاری ناوەڕاست، تەنیا لەسەر دوو یاریزانە، ئەوانیش پاو کوبارسی، کە ئەستێرەیەکی لاوە و ئاستێکی زۆر ئومێدبەخش پێشان دەدات.
 
یاریزانی دووەم ژول کوندێیە، کە لە چەند بۆنەیەکدا سەلماندوویەتی کە لە باشترین ئاستی خۆیدا نییە لە ناوەڕاستی بەرگریدا، بەڵکو ئەو لە پۆستی بەرگری باڵدا ئاستی باشتر لە لایەنی بەرگریدا پێشکەش دەکات.
 
تاوانباری سەرەکی
 
لە هەموو ئەمانەدا کەس تاوانبار نییە جگە لە خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە، کە پلانی باشی بۆ وەرزی بارسێلۆنا دانەنابوو، سەرەڕای ئەوەی کاتێکی باشی لەبەردەستدا بوو.
 
لاپۆرتا لەبری ئەوەی سەرنجی لەسەر ئەو شتانە بێت، خۆی خەریک کردبوو بە چاڤی هێرناندێزی راهێنەری ئەوکاتەوە، کە لە هەندێک کاتدا بەردەوام بوو لە پاڵپشتیکردنی چاڤی، و هەندێک جاریش هەڕەشەی لێدەکرد، لە کۆنفرانسێکدا پشتڕاستی دەکردەوە کە چاڤی لەگەڵیاندا بەردەوام دەبێت، لە کۆنفرانسێکی دیکەدا دووپاتی دەکردەوە کە چاڤی دەڕوات.