محەممەد سەڵاح بە گرێبەستێکی مێژوویی بەرەو سعودیە

 
رووداو دیجیتاڵ

سعودیە خۆی بۆ گرێبەستێکی گەورە و سەرنجڕاکێش ئامادەدەکات و یەکێکی دیکە لە ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێی ئەوروپا نزیکە رووبکاتە خولی ئەو وڵاتە، ئەو یاریزانەش محەممەد سەڵاح ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوولە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای سعودی، ئەمڕۆ محەممەد سەڵاح دوایین یاریی خۆی بەدرێسی یانەی لیڤەرپوولەوە ئەنجامدەدات، دوای ئەوە یاریزانەکە دەچێتە دوبەی، بۆ ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان و پەیوەندیکردن بە یانەی ئیتیحادی سعودی، هەزاران هاندەری پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی سعودیش چاوەڕێی یەکلابوونەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە دەکەن.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، گرێبەستەکەی محەممەد سەڵاح لەگەڵ یانەی ئیتیحاد بۆ سێ وەرز دەبێت، یانەکە بە یاریزانەکەی گوتووە ئامادەن مووچەیەکی زیاتر لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بدەنە یاریزانەکە، لەکاتێکدا رۆناڵدۆ لە یانەی نەسڕی سعودی 200 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە وەردەگرێت.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگ و تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان میوانی کەناڵی ئێس ئێس سی سعودی بوو و گوتی "رکابەرییەکی گەرم لەسەر گواستنەوەی محەممەد سەڵاح هەیە، بەڵام لیڤەرپوول سوورە لەسەر ئەوەی پێویستە یاریزانەکە لەگەڵ یانەکە بمێنێتەوە.
 
هەرچەند راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە محەممەد سەڵاح رازییە بە چوون بۆ خولی سعودی و یانەی ئیتیحاد، بەڵام یانەی لیڤەرپوول نایەوێت دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت و یۆرگن کڵۆپیش مانەوەی یاریزانەکەی لە یانەکە راگەیاندووە، بەڵام هێشتا ئەوەش یەکلاکەرەوە نییە بۆ مانەوەی یاریزانەکە لە یانەکەدا.
 
یانەی ئیتیحاد لە سێ گەڕی یەکەمی خولی سعودیدا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی گرتووە، مانگی 12ـی ئەمساڵ یانەکە بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکات و دەیەوێت بە گواستنەوەی محەممەد سەڵاح تیپێکی بەهێزتری بۆ ئەو رکابەرییە جیهانییە هەبێت، بەتایبەت کە رکابەرییەکانی لە سعودیە بەڕێوەدەچن.