ڤیدیۆ؛ مێسی یەکەم یاریی لە خولی ئەمریکادا ئەنجامدا و گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی بەشێوەی یەدەگ یەکەم یاریی خۆی لە رکابەرییەکانی خولی ئەمریکادا ئەنجامدا و بە تۆمارکردنی گۆڵێک، هاوکاریی ئینتەرمەیامیی کرد بۆ بردنەوە سێ خاڵ.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی خولی ئەمریکا و لە یارییەکانی گەڕی 25، یانەی ئینتەرمەیامی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر نیویۆرک رێدبوڵ یارییکرد، سەرەتا لیۆنێل مێسی یاریی نەکرد و لەلایەن تاتا مارتینۆوە پشووی پێدرا.
 
لە سەرەتای یارییەکەدا خاوەن یاریگە چەندجارێک خۆی لە گۆڵی ئینتەرمەیامی نزیککردەوە، بەڵام لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون.
 
لە خولەکی 37 دیێگۆ گۆمێز گۆڵێکی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد، مێسی و بوسکێس چەپڵەیان بۆ یاریزانەکە لێدا.
 
دوای ئەم گۆڵە ئینتەرمەیامی باشتر یارییکرد، چەند هەلێکی دیکەی بۆ رەخسا، بەڵام یاریزانەکانی سوودیا لێ وەرنەگرت و نیوەی یەکەم بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 60 لیۆنێل مێسی و بوسکێس بەیەکەوە چوونە نێو یاریگە و یەکەم یارییان لە خولی ئەمریکیدا ئەنجامدا.
 
لە خولەکی 88 لیۆنێل مێسی دوای پاساتێکی جوان لەگەڵ بێنیامین کاماسکیی هاوڕێی گۆڵی دووەمی ئینتەرمەیامی و یەکەمی خۆی لە خولی ئەمریکادا تۆمارکرد.
 
ئینتەرمەیامی یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، لە پلەی کۆتایی ریزبەندەوە خۆی گەیاندە پلەی چواردەیەم و بووە خاوەنی 21 خاڵ.
 
لەو کاتەوەی مێسی پەیوەندیی بە ئینتەرمەیامییەوە کردووە، یانەکە 9 یاریی ئەنجامداوە و سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە، لیۆنێل مێسی 11 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە.