ئەمڕۆی سێریا ئەی.. یوڤێنتوس و رۆما یاریی لووتکە ئەنجام دەدەن

رووداو دیجیتاڵ

 

وەکئەوەی پێویستیان بەدابەشکردنی خەمەکانیان هەبێت لە نێوان خۆیاندا، یوڤێنتوس و رۆما کە ئەمڕۆ لە لووتکەی هەفتەی سێیەمی سێریا ئەیدا لە نێو یوڤێنتوس ئارێنا بەیەکدەگەن.. لەسەرەتای وەرزەوە گورزی کوشندەیان لە گرێبەستە نوێیەکانیاندا بەرکەوت.
 
یوڤێنتوس کە هەرزوو پۆل پۆگبا و دواتر دیماریای بەهۆی پێکانەوە کەوتنە دەرەوەی پێکهاتەکەی.. ناچاربوو پەنا بۆ گرێبەستی نوێ ببات.. لە کاتێکدا رۆما کە ڤیناڵدۆمی لە مەشقەکاندا لەدەستدا و دواتر نیکۆلۆ زانیۆلۆ بەهۆی دەرچوونی شانییەوە، پێویستیان بەسەرکەوتن بەسەر خەمەکانی سەرەتای وەرز هەیە.
 
هەموو کات رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان یوڤێنتوس و رۆما، سەرنجڕاکێش و گرنگن.. بەتایبەت کە ئێستا هەردوو یانە پاش دەستپێداهێنانەوەی پێکهاتەکانیان، دەیانەوێت ئەنجامیان لە وەرزی رابردوو باشتر بێت.. یارییەکە بۆ دوو تیپ کە چاویان لە پێشەنگانی ریزبەندییەکەیە گرنگ و سەرنجڕاکێش دەبێت..
 
یوڤێنتوس لە پاش یەکسانبوونێکی پێشبینینەکراو لە بەرامبەر سامپدۆریا و بێکاریگەر و نایەکلاکەرەوە دەرکەوتووی هێڵی پێشەوەی تیپەکە، ئەمجارە دەبێ خۆی بەرامبەر تیپێک تاقیبکاتەوە کە راهێنەرەکەی یەکێکە لەوانەی باڵادەستترینە لە ناکاریگەر هێشتنەوەی هێرشبەرانی یانەکانی دیکە.
 
ماسیملیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوس، سەبارەت بە یارییەکە گوتی "بەر لە هەموو شتێک یاریمان بەرامبەر بە رکابەرێکی راستەوخۆ هەیە، رووبەڕووی تیپێک دەبینەوە کە کاری باش دەکات".
 
رۆما کێشەکانی تەنیا لە پێکانی دوو ئەستێرەی کاریگەردا کورتنابنەوە، نوێنەرەکەی پایتەخت کێشەی لە ناکاریگەریی بەرامبەر گۆڵی تیپەکانی دیکەدا هەیە، ئەو دوو بردنەوەیەی تاوەکو ئێستا رۆما لە خولەکەدا بەدەستیهێناوە، بەئەنجامی تەنیا گۆڵێکی بێبەرامبەر بووە و ئەوەش دەرخەری بێتوانایی تیپەکەی مۆرینیۆیە لە بەرامبەر گۆڵی ئەوانیدیکەدا..
 
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆما، لەبارەی ئەو یارییەوە، گوتی "یارییەکی گەورەیە بەرامبەر تیپێکی گەورە. بەرامبەر تیپێک کە بە دڵنیاییەوە دەیەوێت سکودێتۆ بباتەوە، بەڵام بۆ ئێمە یارییەکە، تەنیا یارییەکە لە 38 یاری کە بەدرێژایی وەرزەکە ئەنجامیدەدەین".
 
لە رووبەڕووبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، مۆرینیۆ و یاریزانەکانی بەدوای یەکەم بردنەوە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەگەڕێن بەرامبەر یوڤێنتوس. دوا سەرکەوتنی رۆما لە تۆرینۆ، بۆ ئابی 2020 دەگەڕێتەوە. هەوڵی بردنەوەی یارییەکە بۆ ئالێگری و یاریزانەکانیشی زۆر بەبایەخ دەبێت، کاتێک ئەوان دەیانەوێ لە دۆخی پڕ لە شکستی دوو وەرزی رابردوو بێنە دەرەوە.