ڤیدیۆ؛ لازیۆ بە 3 گۆڵ 3 خاڵ و پێشەنگی لە ئینتەرمیلان وەرگرت

رووداو دیجیتاڵ

 

لە یاریی لووتکەی گەڕی سێیەمی خولی ئیتاڵیادا، یانەی لازیۆ شکستێکی گەورەی تووشی ئینتەرمیلان کرد و بە 3 گۆڵ 3 خاڵی گرنگی لێوەرگرت.
 
لازیۆ لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ لە رۆمای پایتەخت، میوانداری ئینتەرمیلانی کرد و سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەردا بەدەستهێنا و 3-1 لێیبردەوە.
 
گۆڵەکانی لازیۆ لەلایەن فیلیپی ئەندەرسۆنەوە دەستیانپێکرد، کاتێک لە خولەکی 40 توانی تۆڕی گۆڵی ئینتەر بهەژێنێت و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی خاوەن ماڵ بە گۆڵێک کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا، لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی پێویستی بە تەنیا 6 خولەک بوو بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە بۆ بەرژەوەندی ئینتەرمیلان.
 
لە کاتێکدا هەردوو یانە بەدوای گۆڵی دووەمدا دەگەڕان، لویس ئەلبێرتۆ لە خولەکی 75 لازیۆی پێشخست و تۆڕی ئینەرمیلانی هەژاند، تاوەکو پێدرۆش 4 خولەک بەر لە فیکەی کۆتایی یارییەکە گۆڵی سێیەم و دڵنیابوونی بۆ یانەکەی پایتەخت تۆمارکرد و 3 خاڵی یارییەکە بوونە بەشی لازیۆ. 
 
بەم سەرکەوتنە، لازیۆ ژمارەی خاڵەکانی بۆ 7 خاڵ بەرزکردەوە و بەشێوەیەکی کاتی گەیشتە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە، ئینتەرمیلانیش بە 6 خاڵ لە پلەی سێیەمدایە.