چەند سەرنجێک دەربارەی ئەنتۆنیۆ کۆنتی

27-08-2019
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
نیشانەکردن شرۆڤە
A+ A-

راهێنەرەکانی ئەم سەردەمە لە ژەنەڕاڵەوە گۆڕاون بۆ نمایشکار


هەمیشە ئەو راهێنەرانەی خاوەنی ئایدیای تایبەت بە خۆیانن، کۆمەڵێک بیرۆکەی نەگۆڕیان هەیە، کە بووە بە ماکی ئەوان و پێی دەناسرێنەوە، بەئاسانی ئامانج و ستراتیژی جێگیریان دەخوێندرێتەوە، ئەمەش هاریکاریت دەکات، بەر لە دەستپێکی کارەکەی بزانی چ جۆرە یاریزانێکی دەوێت و بۆ چ ئامانجێک یاریزانی خاوەن چەشنە تایبەتمەندییەکی جیاوازی بۆ تیپەکەی زیاد دەکات، بۆ نموونە کاتێک ئەنتۆنیۆ کۆنتی بە سوودوەرگرتن لە روونی بیرۆکەکانی، ئاسان دەتوانی ئاسەواری کاریگەرییەکانی بناسیتەوە، تێدەگەیت هۆکاری پەسەندکردنی ئەم یاریزان و رەتکردنەوەی ئەو یاریزان، چ هۆکارێکی لە پشتەوەیە. کاتێک ئیکاری رەتدەکاتەوە و هەموو هەوڵێک دەدات لوکاکۆ بەدەست بهێنیت، تووشی سەراسیمە نابیت، چونکە لە رابردوودا لەسەر ئەو چەشنە تایبەتمەندییە هەیکەلی هێڵی هێرشبردنی داڕشتووەتەوە. 

لە یوڤێنتوس "یۆرێنتی تیفێز"، لە ئیتاڵیا "گراسیانۆ پێلی و ئیدێر"، لە چێڵسی "دیێگۆ کۆستا و هازارد"، ئێستاش لە ئینتەرمیلان "لوکاکو و لاوتارۆ مارتینیز"، واتە لە هەر چوار وێستگەی کارکردنی، هەمیشە لە دوو ئاستی جیاوازدا پشتی بە  دوو چەشنی جیاواز هێرشبەر بەستووە، یەکێکیان دەبێ لە رووی کارامەیی و خێرایی و سوودوەرگرتن لە تۆپی زەمینی، ئەوی دیکەشیان سوود لە بەهێزی جەستەی و ململانێی بەرگریکاران و هەراسانکردن و شێواندنی هێڵی بەرگریی تیپی دژبەر سوودی لێوەردەگرێت، هاوکات ئەم چەشنە هێرشبەرە جەستە بەهێزەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تۆپی بەرزە، واتە بەپشتبەستن بە  جەستە و بەرزی باڵای هێرشبەرەکەی، چۆن بییەوێت، بەوشێوەیە تەکتیکی هێرشبردنی دەگۆڕێت، بەپێی دەستنیشانکردنی خاڵی لاوازی هێڵی بەرگریی تیپی دژبەر. هەر لەبەر ئەم ستراتیژە، تایبەتمەندییەکانی ئیکاردی بە ئایدیای کۆنتی ناخوات. کۆنتی بیر لەوە ناکاتەوە، کە ئیکاردی 5 ساڵە گۆڵکەری ژمارە 1ی ئینتەرمیلانە و 2 وەرزیش گۆڵکەری خولی ئیتاڵی بووە، چونکە ستراتیژی نەگۆڕی خۆی ناکاتە قوربانی یەک گۆڵکەر، چونکە کۆنتی بە جێبەجێکردنی بیرۆکەی تایبەت بە خۆی، سەرکەوتن دەستەبەر دەکات.

 کاتێک راهێنەری چێڵسی بوو، دیێگۆ کۆستا پێنجەم گۆڵکاری پرێمەرلیگ بوو بە تۆمارکردنی 20 گۆڵ، بەڵام ئەو وەرزە بلوز، نازناوەکەی بەدەستهێنا، توانی 85 گۆڵ تۆمار بکات و بە جیاوازی یەک گۆڵ لەدوای تۆتێنهامەوە بوو، هاوکات خاوەنی باشترین هێڵی هێرشبردن بوون. وەرزی 2013-2014 توانی بە کۆکردنەوەی 102 خاڵ نازناوی کاڵچیۆ بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک بۆ یوڤێنتوس بەدەست بهێنێت، لەو ساڵەدا یوڤی لە چنینەوەی خاڵ ریکۆردی تۆمارکرد، کاتێک 102 خاڵی بەدەست هێنا، یانەکەی زۆرترین گۆڵی تۆمارکرد لەنێو 20 یانە بەشدارەکەی کاڵچیۆ بە تۆمارکردنی 80 گۆڵ، دیسانەوە لەو وەرزەدا گۆڵکاری خولەکە چیرۆ ئیمۆبیلیی بوو لە یانەی تۆرینۆ بە تۆمارکردنی 22 گۆڵ، باشترین گۆڵکاری یوڤی تیفێز بوو بە تۆمارکردنی 19 گۆڵ کە پلەی سێیەمی گۆڵکەرانی خولەکەی گرتبوو. ساڵی پێشتر واتە 2012 یوڤی بووە پاڵەوانی کاڵچۆ، گۆڵکەری یانەکە ئەرتورۆ ڤیداڵ بوو کە پلەی 26ی گۆڵکارانی خولەکەی گرتبوو بە تۆمارکردنی 10 گۆڵ! ئەم ژمارانە سەلمێنەری ئەو راستییەن کۆنتی گۆڵکارێکی ناوێت، بەڵکو تیپێکی گۆڵکاری دەوێت. کۆنتی نایەوێ تەنیا بە هێرشبەر گۆڵ تۆمار بکات، بەڵکۆ دەیەوێ بە هێرشبردن گۆڵ تۆمار بکەن و زۆرترین یاریزانی تیپەکەی هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵ بدەن، وەک چۆن پۆگبا و ڤیداڵ لە یوڤی، لە چێڵسی پیدرۆ و ویلیان، دەیەوێت لە ئینتەریش سینسی و بیرزۆڤتج و کاندرێڤا، بە ئەندازەی لوکاکو و لاوتارۆ مارتینێز هەڵی تۆمارکردنی گۆڵ بدەن بەپێی بارودۆخی یارییە جیاجیاکان. 

کۆنتی هەمیشە کەسێکی بەهێزە و دەیەوێت هەموو شت لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدابێت، ئیکاردی و نایگۆلان رابردوویەکی پڕ لە سەرکێشیی مامەڵەیان هەیە، بۆ نموونە لەسەر پابەندنەبوون بە رێنمایی راهێنەر، رۆبەرتۆ مارتینێزی راهێنەری بەلژیکا نایگۆلانی لە پێکهاتەکەی بۆ مۆندیالی 2018ی رووسیا دوورخستەوە، ئیکاردیش لە نیوەی دووەمی وەرزی رابردوو بەهۆی رەفتارەکانی واندا نارای هاوژینی هێمای کاپتنی لێ سەندرایەوە، پاشان چەند یارییەک یانەکەی بایکۆت کرد، ئەم رابردووە نێگەتیڤە، رۆژانی تاڵی چێڵسی بەبیری کۆنتی دەهێنێتەوە، بۆیە کۆنتی نایەوێ راهێنەرێک بێت کە یاریزانەکانی لە فەرمانەکانی لابدەن، نایەوێ ساڵەکە بە موجامەلەی ئەستێرەکانی ئینتەر بەڕێ بکات، بەڵام کۆنتی توانی هەر لە سەرەتاوە باڵادەستی خۆی بەسەر تەواوی تیمەکەی بسەپێنیت و پشتیوانیی رەهای خاوەنی یانەکە و کارگێڕیشی مسۆگەر کردووە. ئێستا هەموو شت لەژێر هەژموونی کۆنتییە، چونکە ئەو نایەوێ رۆڵی نمایشکار و لێبووکێک ببینێ، بەڵکو دەیەوێت خۆی ژەنەڕاڵی ئینتەر میلان بێت، چونکە مێژووی پشنگداری ناکات بە قوربانی هیچ یانە و یاریزانێک. ئەم راهێنەرە ستراتیژ بە هەست و سۆز داناڕێژێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە