عێراق سێ گۆڵی لێکرا و سێ خاڵی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دووەم یارییدا لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس، بۆ تۆپی پێی پیاوان، هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر ئەرجەنتین یارییکرد و بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ یارییەکەی دۆڕاند.
 
یارییەکە لە یاریگەی گرۆپاما لە لیۆن ئەنجامدرا، ئەرجەنتین پێچەوانەی یاریی یەکەمی کە بەرامبەر مەغریب دۆڕا، لەم یارییەدا ئاستێکی بەرزتری پێشکێشکرد و یەکەم بردنەوەی تۆمارکرد.
 
دوای چواردە خولەک یارییکردن، تیاگۆ ئەلمادا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تۆمارکرد و تانگۆ پێشکەوت.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە، ئەیمەن حوسێن ئەنجامەکەی یەکسانکردنەوە و نیوەی یەکەم بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا، تانگۆ باشتر یارییکرد، تیپەکەی خاڤێر ماسکێرانۆ هێرشی زیاتری بردە سەر گۆڵی عێراق، لە خولەکی 62 لوسیانۆ گوندۆ گۆڵی دووەمی ئەرجەنتینی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 85 ئیزیکێل فێرناندێز، بەلێدانێکی بەهێز لە دەرەرەوەی ناوچەی سزا بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی عێراقی هەژاند و هەڵبژاردەکەی زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە.
 
یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندیی ئەرجەنتین کۆتاییهات، یاریی داهاتووی ئەرجەنتین بەرامبەر ئۆکراینایە و عێراقیش بەرامبەر مەغریب یاریی دەکات، ئێستا هەریەکەیان خاوەنی سێ خاڵن و پێویستیان بەبردنەوەی یاریی داهاتوو دەبێت بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.