ئێندریک: لەبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مەدریدم

27-07-2024
سیڤەر بێستوون
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

ئێندریک، یاریزانی نوێی یانەی ریال مەدرید، ئەمڕۆ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لەبەردەم 60 هەزار هاندەردا ناسێنرا. ئێندریک لەبەردەم ماڵبات و هاندەراندا، بە گریانەوە دڵخۆشی خۆی دەربڕی. 
 
یاریزانە 18 ساڵانەکە، لە کانوونی یەکەمی 2022، گرێبەستی فەرمی لەگەڵ یانە شاهانەکە واژۆ کرد، بەڵام نەیدەتوانی پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، تاوەکو لە 21ـی تەممووزی 2024 تەمەنی بووە 18 ساڵ. 
 
ئێندریکی بەرازیلی، بە گریانەوە گوتی ''لە منداڵییەوە هاندەری ئەم یانەیەم، ئێستا زۆر دڵخۆشم کە یاریی بۆ دەکەم، هیچ وشەیەک نییە ئەو هەستەی خۆمی پێ دەرببڕم، یاریکردن بۆ ریال مەدرید خەونی من بووە، ئەمڕۆش ئەو خەونەم هاتە دی.'' 
 
لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لاوە بەڕازیلییەکە گوتی ''من، هاندەرێکی سەرسەختی رۆناڵدۆم، بەهۆی ئەوەوە من لێرەم و خەونی یاریکردنم لە ریال مەدرید هۆکارەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە/''  
 
لە کاتی ناساندنی یاریزانەکەدا، ژمارەیەکی زۆری هاندەری ریال مەدرید ئامادە بوون. ئێندریک گوتی ''درۆ ناکەم، چاوەڕێی ئامادەبوونی ئەو هەموو هاندەرەم نەدەکرد، ریال مەدرید هەمیشە ماڵی بەرازیلییەکان بووە. با بەیەکەوە گۆرانیەک بڵێینەوە یەک دوو، سێ هەلە مەدرید." 
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، بەخێرهاتنی لاوە بەرازیلییەکەی کرد و گوتی: ''ئەمە ئەو ساتەیە کە تۆ لە منداڵییەوە چاوەڕێی دەکەیت، ئەو باوەڕ و بەردەوامبوونە وای کرد بگەیت بە خەونەکەت، ئێستا مەدرید خۆشحاڵە کە تۆ ئەندامێکیت لە خێزانەکەی."  
 
سەرۆکی یانە شاهانەکە باسی یاریزانانی پێشووی بەڕازیلی کرد ''تۆ لە وڵاتێکی مەزن و بەڕێزی وەک بەرازیل هاتوویت، پێشتر هەریەک لە یاریزانان رۆناڵدۆ، جۆلیۆ پاتێستا، مارسێلۆ، رۆبێرتۆ کارلۆس و کاکا یارییان بۆ یانەکەمان کردووە، دڵنیام تۆش دەبیتە یەکێک لە ئەستێرەکانی داهاتووی یانەکەمان." 
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز باسی پەیوەندیی بەرازیل و یانەی ریال مەدریدی کرد ''هەمیشە لە پەیوەندییەکی قووڵدا بوونە، لە جیهانی تۆپی پێ یەکگرتوون، بێگومانم یاریزانە بەرازیلییەکان وەک میلیتاو و ڤینیسیۆس باسی مەدریدیان بۆ کردوویت، یانەی ریال مەدرید یانەیەکی گەورەیە و دڵنیام هەموو شتێکت پێشکێش دەکات."  
 
ئێندریک، یاریزانی پێشووی یانەی پاڵمێراسی بەرازیلییە، لەگەڵ ئەو یانەیە خاوەنی 5 ناسناوە و ئێستاش یاریزانێکی گرنگی هەڵبژاردەی بەڕازیلە، یەکەم یاریشی لەگەڵ ریال مەدرید لە بەرامبەر ئەی سی میلانی ئیتاڵی دەبێت لە سەرەتای مانگی داهاتوو و ژمارە 16 دەپۆشێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە