ڤیدیۆ؛ پاڵەوانێتییەکی عەرەبی بە تامی جیهانی دەستپێدەکات

27-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
جامی شا سەلمان
جامی شا سەلمان
نیشانەکردن جامی شا سەلمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاڵەوانێتییەکی عەرەبی، بەڵام بەتامی ئەوروپی و جیهانی، پاڵەوانێتیی جامی شا سەلمان لە سعودییە دەستپێدەکات.
 
پاڵەوانێتییەکە بەبەشداریی 16 یانەی وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا بەڕێوەدەچێت، سەرجەم یارییەکانی لە سعودیە دەکرێن و ئەمساڵ پاڵەوانێتییەکە تەواو جیاواز دەبێت، بەهۆی ئەو گرێبەستە سەرنجڕاکێشانەی یانەکانی سعودیە ئەنجامیانداون، بەشداریکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کەریم بنزیماش هێزێکی زیاتر دەداتە رکابەرییەکە.
 
ئەمرۆ یارییەکانی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتییەکە دەکرێن، کاژێر 20:00 یانەی هیلالی سعودی دوای ئەنجامدانی چەند گرێبەستێکی سەرنجڕاکێش و گواستنەوەی هەریەکە لە خالیدۆ کۆلیبالی، رۆبن نێڤێس، میلینکۆڤیچ ساڤیچ و مالکۆم ئۆلیڤێرا لە یەکەم یارییدا بەرامبەر یانەی ئەهلی تەرابلسی لیبی یارییدەکات.
 
هیلال لە وەرزی رابردووی خولی سعودییەدا، نەیتوانی بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەوێت و هەر زوو لە رکابەرییەکە دوورکەوتەوە، لەکاتێکدا دووەمی مۆندیالی یانەکان بوو، بۆیە بۆ ئەم وەرزە گۆڕانکارییەکی گەورەی کردووە و دەیەوێت بەسەرکردایەتی خۆرخی خیسۆس ئەم پاڵەوانێتییە بکاتە سەرەتای گەڕانەوەی بۆ نێو رکابەرییەکان.
 
لە دوایین یاریی ئەمشەودا کە لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەم و کاژێر 22:00 دەکرێت، هەمووان چاوەڕێی یەکەم دەرکەوتنی کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و یاریزانی نوێی یانەی ئیتیحاد دەکەن، کاتێک بەرامبەر یانەی تەرەجی تونسی یارییدەکات.
 
بنزیما دوای چەندین ساڵی دوور و درێژ لە ئەوروپا، کاروانەکەی هاوشێوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بردە سعودییە و قۆناخی نوێی لەگەڵ پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی وڵاتەکە تاقیدەکاتەوە، کە لە دوای ئەویش ئیتیحاد هەریەکە لە ئێنگۆلۆ کانتێ و جواو پێدرۆی ناسراو بە جۆتای گواستەوە.
 
ئیتیحاد بە نوێنەرایەتیی سعودیە بەشداری لە یارییەکانی مۆندیالی یانەکاندا دەکات، ئەم پاڵەوانێتییەکە دەبێتە قۆناخێکی دیکەی ئامادەکاری بۆ پێکهاتەی نونۆ سانتۆی راهێنەری پۆرتوگالی و یانە سعودییەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە