ئێمباپێ بە مووچەی ساڵێکی دەتوانێت کۆشکی سپی و فڕۆکەکەی سەرۆکی ئەمریکا بکڕێت

27-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ یانەی هیلالی سعودی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی میدیا وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان بڵاویانکردەوە، یانەی هیلالی سعودی دەستەوارەیەکی خەیاڵی پێشکێشی پاریس سانجێرمان کردووە بۆ گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری فەرەنسی بۆ ماوەی یەک وەرز، کە بەهۆیەوە ئەو یاریزانە دەبێتە خاوەنی زۆرترین مووچە لە مێژووی تۆپی پێدا. پرسیار هاتە سەر ئەوەی ئایا ئەو یاریزانە دەتوانێت بەو پارە زۆرە ببێتە خاوەنی چی؟.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی "بلیچەر راپۆرت"، کە میدیاکان دەڵێن، ئێمباپێ کە هەر زوو ئەو دەستەوارەی رەتکردووەتەوە، ئەگەر قبوڵی کردبا، لە یەک وەرزدا نزیکەی 776 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی وەردەگرت، کە دەکرێت بەم شێوەیە دابەش بکرێت (64.6 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا، 14.7 ملیۆن دۆلار لە هەفتەیەکدا، 2.1 ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا، 88.55 هەزار دۆلار لە کاژێرێکدا و 24 دۆلار لە چرکەیەکدا وەردەگرێت).
 
لێرەوە پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەگەر ئێمباپێ دەستەوارەکەی هیلالی قبوڵ کردبا، دەیتوانی بەو مووچە زەبەلاحەی ساڵێکی چی بکڕێت؟ کە بێگومان دەیتوانی زۆر شتی خەیاڵی بکات.
 
کڕینی هەر یانەیەکی پرێمەرلیگ جگە لە 6 تۆپ
 
ئێمباپێ دەتوانێت هەر یانەیەکی پرێمەرلیگ بە مووچەی ساڵێکی لەگەڵ هیلال بکڕێت، جگە لە تۆپ 6 (مانچێستەر یونایتد، لیڤەرپوول، مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ، چێڵسی و تۆتێنهام)، بەو پێیەی بەهای هەر یەکێک لەو یانانە زیاتر لە 3 ملیار دۆلارە. 
 
بەمشێوەیە هێرشبەرە فەرەنسییەکە دەتوانێت هەر یانەیەکی پرێمەرلیگ لە پلەی حەوتەمەوە تا کۆتا پلە بکڕێت، بەپێی بەهای بازاڕی ئێستایان، کە گرانترینیان وێستهام یونایتدە و نرخی 665 ملیۆن دۆلارە، لە کاتێکدا بۆرنمۆس خاوەنی کەمترین بەهای بازاڕە کە 145 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
 
کڕینی تەواوی یانەکانی خولی سعودیە
 
بەپێی ماڵپەڕی ترانسفێر مارکێت، بەهای یانەکانی خولی رۆشنی سعودی، ئێستا نزیکەی 614 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە، بە بەشداری 125 یاریزانی دەرەوەی سعودیە و 18 تیپ. بەمشێوەیە ئێمباپێ دەتوانێت تەواوی یانەکانی خولەکە بکڕێت دوای تەنیا ساڵێک یاریکردن بۆ هیلال، چونکە مووچەی ساڵانەی 776 ملیۆن دۆلارە.
 
کڕینی شەشەم گرانترین ڤێلا لە مەیامی 
 
شاری مەیامی ئەمریکی چەندین ڤێلای گەورەی تێدایە، کە لەنێو گرانترین خانووەکانی جیهاندا پۆلێنکراون و یەکێک لەو موڵکانە بریتییە لە پاڵم بیچ هۆم، بەپێی راپۆرتێکی تایبەتی ماڵپەڕی The Real Deal، کە تایبەتمەندە لە بواری خانووبەرە و نرخدا، وەک سێیەم گرانترین خانوو لە شاری مەیامی ئەمریکی لە ساڵی 2022 پۆلین کراوە، ئێمباپێ بە مووچەی مانگێکی دەتوانێت بیکڕێت. تەنانەت دەتوانێت گرانترین خانوو لە مەیامی بکڕێت، کە لاری ئێلیسۆنە و بەهاکەی نزیکەی 173 ملیۆن دۆلارە.
 
کڕینی گرانترین فڕۆکەی تایبەت لە جیهاندا 
 
کیلیان ئێمباپێ، لە رێگەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هیلال، دەتوانێت گرانترین فڕۆکەی تایبەت لە جیهاندا بکڕێت. بەپێی ماڵپەڕی Private Jet Charter فڕۆکەی ئەلوەلید بن تەلالی سعودی Airbus A380، بەهاکەی نزیکەی 502 ملیۆن دۆلارە، بۆیە ئێمباپێ دەتوانێت بیکڕێت، تەنانەت دەتوانێت فڕۆکەکەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بکڕێت، بەو پێیەی بەپێی ماڵپەڕی لۆکس دیجیتاڵ، نرخی ئەو فڕۆکەیە 660 ملیۆن دۆلارە. تەنانەت ئەستێرەی فەرەنسی دەتوانێت کوشکی سپیی ئەمریکاش بکڕێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە