دیبالا پەیامێک بۆ مۆرینیۆ دەنێرێت

27-07-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پاولۆ دیبالا جۆزێ مۆرینیۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پاولۆ دیبالا، هێرشبەری یانەی رۆما، دوای ئەوەی لە لایەن یانەکەی پایتەختەوە بە هاندەرانی ناسێندرا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و رایگەیاند "ئەو دەیەوێت لەگەڵ یانەکە نازناوەکان بباتەوە". هەروەها گوتیشی "ئامادەم راهێنەر هەر شوێنێکی پێباش بێت لەوێ یاری بکەم".
 
پاولۆ دیبالا، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لە گۆڕەپانی کۆلۆسیۆم لە پایتەختی ئیتاڵیا، لەلایەن زیاتر لە 10 هەزار هەوادارەوە پێشوازی لێکرا.
 
ئەو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "رۆما ساڵی رابردوو نازناوێکی گرنگی بەدەستهێنا، ئەم هۆکارە بەسە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئامانجی گەورەی مەبەست بێت، پێموایە لە چەند ساڵی رابردوودا گەشەم کردووە لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج کە هاتوونەتە ناو تیپەکە، هەمووان خوازیاری بردنەوەی نازناوەکانن".
 
پاولۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتیشی "سەبارەت بە بردنەوەی نازناوی سێریا ئەی، پێموایە لەم خولەدا چەند تیپێک هەن لە دۆخێکی باشتردان لە ئێمە، دەبێت بایەخ بە هەموو یارییەکان بدەین".
 
سەبارەت بە رۆڵی خۆی لە تیپەکەی جۆزێ مۆرینیۆدا، ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە گوتی "بەڕاستی ئەوە ئەركی راهێنەرە، پێموایە باشترین چارەسەر بۆ تیپەكە بەگشتی دەدۆزێنەوە بەپشتبەستن بە پێداویستییەكانی هەر یارییەك، ئەو بڕیار دەدات لە کوێ یاری بکەم، بەڵام من ئامادەم لە هەر شوێنێک یاری بکەم، بێگومان راهێنەر بڕیار دەدات لە کوێ یاری بکەم".
 
سەبارەت بەوەی کە یەکەم پرسیاری کە لە مۆرینیۆ کردووە چی بووە؟ دیبالا گوتی "یەكەم پرسیار كە لە راهێنەرەكەم كرد ئەوەبوو كە دەیەوێت كام نازناو بباتەوە؟ گوتم من زۆر حەز لە بردنەوە دەکەم، ئەویش زۆر حەزی لێیە، ئەو  زۆر نازناوی بەدەستهێناوە، تیپەكەش خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی زۆر باشە، کە نازناوی گرنگییان بەدەستهێناوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە