ڤیدیۆ؛ لە رۆما پێشوازییەکی شاهانە لە دیبالا کرا

27-07-2022
ئیحسان تاهیر
بەمشێوەیە پێشوازی لە دیبالا کرا
بەمشێوەیە پێشوازی لە دیبالا کرا
نیشانەکردن پاولۆ دیبالا رۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی رۆمای ئیتاڵی رێوڕەسمێکی ئەفسانەیی بۆ ناساندنی پاولۆ دیبالای یاریزانی ئەرجەنتینی بە هاندەرانی رێکخست و بە دەیان هەزار لە هاندەرانی یانەکەی پایتەختی ئیتاڵیا پێشوازیان لە یاریزانە نوێیەکەی یانەکەیان کرد.
 
پاولۆ دیبالا، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لە گۆڕەپانی کۆلۆسیۆم لە پایتەختی ئیتاڵیا، لەلایەن زیاتر لە 10 هەزار هەوادارەوە پێشوازی لێکرا، کە دروشمیان بە ناوی یاریزانە ئەرجەنتینییەکەوە دەگوتەوە.
 
لەو رێوڕەسمەدا کە زیاتر لە  15 خولەکی نەخایاند، وادیاربوو ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە زۆر سەرسام بوو بەو پێشوازییە ئەفسانەییە، ئەو گوتی "زۆر شانازی دەکەم بە ناسینی ئێوە".
 
یاریزانە تەمەن 28 ساڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "هەموو ئەم پێشوازییە بەرپرسیارێتییەکی گەورەم دەخاتە ئەستۆ، بەڵام زۆر جوان دەبێت، دەمەوێت بە زووترین کات ئامادەبم بۆ یاریکردن، بە پەرۆشم بۆ یاریکردن لەنێو یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ".
 
یاریزانە ئەرجەنتینییەکە دوای سێ هەفتە لە کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی یوڤێنتوس، کە ئامادە نەبوو نوێیبکاتەوە، گرێبەستێکی بۆ ماوەی 3 ساڵ لەگەڵ یانەی رۆما واژۆکرد، دوای ئەوەی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری رۆما خۆی پەیوەندی بە دیبالاوە کرد و رازی کرد بچێتە رۆما.
 
دیبالا لە ماوەی 7 وەرزدا لەگەڵ یوڤێنتوس 115 گۆڵی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بۆ خانمە پیرەکە تۆمارکرد و یارمەتی یانەکەی داوە 12 نازناوی بەدەستبهێنێت، کە لەنێویاندا 5 نازناوی خولی ئیتاڵیا هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە