کاساس: دەمانەوێت خەونی ملیۆنان عێراقی بکەینە راستی

 
رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ گەیشتن بە خەونی ملیۆنان عێراقی و داوای پاڵپشتی لە هاندەران دەکەم."
 
تیروپشکی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە کیشوەری ئاسیا راکێشرا، هەڵبژاردەی عێراق کەوتە کۆمەڵەی دووەمی رکابەرییەکان و بەرامبەر هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی عومان، کوێت، فەلەستین، کۆریای باشوور و ئوردن یاری دەکات.
 
عێراق یارییەکانی خۆی لەم قۆناخەی پاڵاوتنەکاندا لە بەسرە ئەنجامدەدات و دەیەوێت بۆ دووەمجار لە مێژوویدا بگاتە مۆندیال.
 
دوای راکێشانی تیروپشەکەکە، خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەلێدوانێکدا گوتی "تیروپشکەکە هاوسەنگە، لە هەموو کۆمەڵەکاندا رکابەرییەکی زۆر هەیە بۆ بەدەستهێنانی دوو بلیتی یەکەم و گەیشتنی راستەوخۆ بە مۆندیال، لەگەڵ ئەوەشدا 10 یارییە و هەر هەڵەیەک بگەیت زۆر گەورە دەبێت لەسەرت."
 
راهێنەری عێراق گوتی "لە ئێستاوە دەبێت کاربکەین بۆ ئەوەی هەموو بیرکردنەوەمان لای یارییەکان بێت و وەکو ئەوە سەیریان بکەین کە یاریی کۆتاییە و دوایین یاریمانە، پێویستە هەڵەکانمان زۆر کەمبکەینەوە."
 
خیسوس کاساس زیاتر گوتی "داوا لە هاندەران دەکەم وەکو هەمیشە پاڵپشتی هەموو یاریزانەکان و دەستەی هونەری بکەن، وەکو چۆن لە کاتە باش و خراپەکاندا پاڵپشتیان کردوون، ئێستا ئێمە لە دۆخێکی زەحمەتداین و دەبێت کاربکەین بۆ ئەوەی خەونی عێراقییەکان بۆ گەیشتن بە مۆندیال بکەینە راستی."
 
راهێنەری عێراق هێشتا قسەیکرد و گوتی "کێشەیەکمان هەیە، ئەویش ئەوەیە کاتێک پاڵاوتنەکان دەستپێدەکەن خولی عێراق دەستی پێنەکردووە، پێویستە لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێ چارەسەرێک بدۆزینەوە و ئەوە ئاسان نییە کە خولی عێراق دەستپێناکات و رکابەرەکانمان خولەکانیان دەستیانپێکردووە."
 
لەوبارەیەوە راهێنەرە ئیسپانییەکەی هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "لەبەر ئەمە ئێمە لە دۆخێکی باشدانین، یاریزانەکانیش ناتوانن پەیوەندی بە هەڵبژاردەکەوە بکەن، بۆیە بابزانین چۆن چارەسەری ئەم بابەتە دەکەین."