هاری کەین لە بایرن میونشن زۆر نزیکە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بەفەرمی دەستەوارەی پێشکێشی یانەی تۆتێنهام کردووە، لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵ هاری کەین، هێرشبەری ئەو یانەیە.
 
سەرچاوە میدیاییەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە کە بایرن دەستەوارەیەکی بەبڕی 60 ملیۆن پاوەند بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کەین، بۆ یانە باڤارییەکە ناردووە.
 
دەستەوارەکەی بایرن هەندێک زیادەی دیکەی تێدایە کە بەپێی ئاستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانە نوێیەکەی دەبێت.
 
گرێبەستی هاری کەین لەگەڵ تۆتێنهام، ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا کەین سەرجەم دەستەوارەکانی رەتکردووەتەوە.
 
بایرن میونشن، لەسەر داوای تۆماس توخێلی راهێنەر، دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ کەین بکات لە هاوینی ئەمساڵدا و ئەو راهێنەرە کەینی کردووەتە ئامانجی سەرەکی خۆی.
 
بایرن لە وەرزی رابردوودا بەهۆی رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە یانەکە، رووبەڕووی کێشەی زۆر لە گۆڵکردندا بووەوە، توخێل نایەوێت ئەمساڵیش بەبێ هێرشبەری سەرەڕم، رکابەرییەکانی وەرز دەستپێبکات.
 
کێشەی سەرەکی لە هەوڵدانی یانەکانی دیکە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کەین، بەر بەربەستی تووندی دانیێل لیڤی، سەرۆکی یانەی تۆتێنهام دەکەوێت، کە تاوەکو ئێستا هەموو دەستەوارەکان رەتدەکاتەوە و زێدەڕۆیی لە نرخی ئەو یاریزانەدا دەکات، لەپێناو هێشتنەوەی لە یانەکە.
 
کەین لە ماوەی رابردوودا ئامانجی یەکەمی ریال مەدریدی ئیسپانی بوو، بەڵام ئەو یانەیە لە هەوڵەکانی کشایەوە پاشئەوەی کیلیان ئێمباپێ رایگەیاند ساڵێکی دیکە لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەردەوام نابێت.
 
کەین وێڕای ماوەی زۆری یاریکردن و مانەوە لە تۆتێنهام بەڵام هیچ نازناوێکی لەگەڵ ئەو یانەیە نەبردووەتەوە و دەیەوێت بەرلەوەی بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت، نازناو بباتەوە.