مێرکاتۆی هاوینە گەرم و گەرمتر دەبێت

 رووداو دیجیتاڵ

 

تا دێ بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان گەرم و گەرمتر دەبێت و یانەکان لە خۆڕێکخستنەوە و هێنانی یاریزان و بەڕێکردنی هەندێکی دیکە بەردەوام دەبن.
 
نوێترین گرێبەستی راگەیێنراوی بازاڕی گواستنەوە، پەیوەندیکردنی ئێلکای گۆندۆگانی ئەڵمانییە بە یانەی بارسێلۆناوە، لە کاتێکدا ئەو یانەیە یەکەم گرێبەستی فەرمی ئەمساڵێتی و سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە یانەکە چەندین یاریزانی دیکەش دەهێنێت.
 
لەسەر ئاستی یانە گەورەکانی ئەوروپا، تاوەکو ئێستا دەکرێ یانەی چێڵسی بە چالاکترین یانە دابنرێت، پاشئەوەی ماوریسیۆ پۆچەتینۆی بەراهێنەری نوێ دەستنیشانکرد و یانەکە هەنگاوەکانی خۆ رێکخستنەوەی بە گەڕاندنەوەی جواو فیلێکس بۆ ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی دەستپێکرد، بەرلەوەی چەندین یاریزانی دیکەی خۆی بفرۆشێتە یانەکانی خولی سعودیە.
 
لە ئینگلتەرا جگە لە چێڵسی، هیچ یانەیەکی دیکەی گەورە، گرێبەستی فەرمی رانەگەیاندووە، بەڵام دەنگۆکان لەبارەی گواستنەوەی یاریزانانەوە بۆ سەرجەم یانەکان گەرمن، مانچێستەر یونایتد، مانچێستەر سیتی، نیوکاسڵ، ئارسیناڵ و لیڤەرپوول لە دانوستاندن و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی چەندین گرێبەست.
 
لە ئیسپانیا، ریال مەدرید زوو گرێبەستەکانی خۆی و بەڕێکردنی چوار یاریزانی راگەیاند، گەورەترین گرێبەستیش کە ئەو یانەیە ئەنجامیدا هێنانی جود بێلینگهام بوو بۆ ریزەکانی و ئەمڕۆژانە ریال مەدرید بەپێی ئەو پلانەی پێشتر میدیاکانیش ئاماژەیان پێداوە، سەرقاڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە ئەزمووندارە سەروو سی ساڵییەکانیەتی و لۆکا مۆدریچ دوایین یاریزان بوو کە گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکە نوێکرایەوە.
 
لە ئیتاڵیا، جگە لە دەنگۆکانی رۆیشتنی تۆنالی بۆ نیوکاسڵ و بەردەوامبوونی دانوستاندنەکان، هیچ جووڵەیەکی دیکە لە ئارادا نییە و پێشبینیکراوە هەمووان لە رۆژانی داهاتوودا، ئەنجامی دانوستاندن و هەوڵەکانی خۆیان، بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانان رابگەیەنن. ئەوەی لە سێری ئادا تاوەکو ئێستا روویداوە، دەستنیشانکردنی رۆدی گارسیایە بە راهێنەری نوێی ناپۆلی و دەنگۆی زۆریش لە ئارادان لەبارەی رۆیشتنی ماسیملیانۆ ئالێگری لە یانەی یوڤێنتوس.
 
هەرچی ئەڵمانیایە، ئەوەی لە هەمووان زیاتر چاوی لەسەرە، بایرن میونشنی پاڵەوانی خولە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو یانەیەش لە سنووری دەنگۆکان نەهاتووەتە دەرەوە و هیچ گرێبەستێکی رانەگەیاندووە، لە کاتێکدا پێشبینیدەکرێت یانە باڤارییەکە لە دوای وەرزێکی لێوانلێو لە کێشە و گرفت، گۆڕانکاری گەورە لە پێکهاتەکەیدا بکات. بەڵام پێدەچێ بەربەستی یەکەمی بەردەم باڤارییەکان بۆ گرێبەستکردن، دەستنیشاننەکردنی بەڕێوەبەری وەرزشیی نوێ بێت لە یانەکەدا.
 
لە هەمووان چالاکتر لە کۆی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی ئەم هاوینەدا، یانەکانی سعودیەن کە وێڕای ئەنجامدانی چەندین گرێبەست و بردنی چەندین یاریزانی دیار لە ئەوروپاوە، هێشتا سەرقاڵی ئەنجامدانی زۆر گرێبەستی دیکەن.