لەبەردەم مانچێستەر یونایتد خۆپێشاندانە


رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەکی بەرچاوی هاندەرانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، جارێکی دیکە دەستیان بەخۆپێشاندان کردەوە، پاشئەوەی لە چاوەڕوانیی گرێبەستنەکردنی یانەکەیان لەگەڵ هیچ یاریزانێک لە هاوینی ئەمساڵدا بێئومێدبوون.
 
هاندەرە تووڕەکانی مان یونایتد، ماوەی چەندین ساڵە داوای رۆیشتنی ماڵباتی گلایزەری خاوەنی یانەکە دەکەن و دەیانەوێت یانەکەیان بفرۆشرێتە وەبەرهێنی نوێ.
 
مانچێستەر یونایتد لەلایەن ماڵباتی گلایزەرەوە خراوەتە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن، سەرمایەدارێکی بەریتانی و سەرمایەدارێکی قەتەری ویستی خۆیان بۆ کڕینەوەی یانەکە راگەیاندووە.
 
مانچێستەر یونایتد تاوەکو ئێستا نەفرۆشراوەتەوە و ماڵباتی گلایزەر تێبینییان لەسەر هەردوو دەستەوارەکە هەیە.
 
هاندەرەکانی یونایتد جارێکی دیکە لەبەردەم یاریگەی ئۆڵدترافۆرد کۆبوونەوە و دەرگای بەردەم فرۆشگەی سەرەکیی یانەکەیان بۆ فرۆشتنی کەلوپەلەکانی داخست و رێگەیان لە فرۆشتنی کەلوپەلەکان گرت.
 
هاندەرانی یانەکە داوای پەلەکردن لە فرۆشتنی یانەکە بەوەبەرهێنی نوێ دەکەن، هەروەها تووڕەن لەوەی تاوەکو ئێستا یانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا بێدەنگە و هیچ گرێبەستێکی ئەنجام نەداوە.
 
مان یونایتد وەرزی ئەمساڵ لەگەڵ تێن هاگی راهێنەر، سەرکەوتنی بۆ چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو مسۆگەرکرد، بەڵام ئەوە بەتەنیا ویستی هاندەرانی یانەکە نییە و داوای بردنەوەی نازناو دەکەن.