یوڤێنتوس لە ئەوروپا دەردەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، لەبەردەم سزایەکی دیکە و دوورخستنەوە لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتوودایە.
 
میدیای ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە کە یوڤێنتوس لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بەتۆمەتی فێڵکردن لە یاسای یاریی خاوێن و پێشبینیدەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی حەوتی ئەمساڵ، سزاکەی ئاشکرا بکرێت کە پێبژاردنی پارە و راگرتنە.
 
میدیاکان دەڵێن، ئەگەر یوڤێنتوس لە دژی بڕیارەکە داوای تێهەڵچوونەوە بکات، دەبێ لە دادگای کاس سکاڵا تۆماربکات و ئەوکات، لە کۆتایی مانگی حەوت یان سەرەتای مانگی هەشتی داهاتوو بڕیاری یەکجاری لەبارەی دۆسێیەکەوە دەدرێت. 
 
سەرچاوەکان دەڵێن پێشبینیکراوە سزاکەی یوڤێنتوس دوورخستنەوە و بێبەشکردنی بێت لە بەشدارییە ئەوروپییەکان بۆ دوو ساڵی داهاتوو و بەوەش یانەکە لە خولی کۆنفرانسلیگی وەرزی داهاتوو بێبەش دەبێت.
 
بەپێی میدیاکان، بەرپرسانی یوڤێنتوس هەوڵدەدەن یۆفا بەوە رازی بکەن کە لە خراپترین حاڵەتدا، بۆ تەنیا یەک وەرز سزایان بدات و لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان بێبەشیان بکات، تاوەکو هەلی ئەوەیان هەبێت وەرزی داهاتوو جارێکی دیکە یانەکە بگاتەوە چامپیۆنزلیگ.