ریال مەدرید هەڕەشە لە ئێمباپێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرانی یانەی ریال مەدرید هەڕەشەی ئەوە لە دایکی کیلیان ئێمباپێ دەکەن، ئەگەر خۆی و کوڕەکەی بە ئاشکرا نەڵێن تەنیا ریال مەدریدمان دەوێت، یانەی شاهانە بۆ هەمیشە ئەو یاریزانە لەبیردەکات.
 
ئەو بەڕێوەبەری کارانەی بەناوی ریال مەدریدەوە قسە دەکەن بە فایزە ئەلعەماری، دایکی کیلیان ئێمباپێیان راگەیاندووە، ئەگەر نرخێک بۆ فرۆشتنی کیلیان لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە دیاریکرا، پێویستە ئێمباپێ بڵێت تەنیا ریال مەدریدم دەوێت، چونکە ئەگەر دەرگا بە کراوەیی بۆ یانەکانی دیکە بهێڵێتەوە، ئەوا ریال مەدرید دەکشێتەوە و یاریزانەکە بۆ هەمیشە لەبیر دەکات.
 
تۆماس گۆنزالێزی میدیاکار، دەڵێت "جوڵەکانی فایزە ئەلعەماری لە چەند رۆژی رابردوودا بە یەک ئامانج بوونە، ئەویش گواستنەوەی کوڕەکەیە لەم هاوینەدا. ریال مەدرید چاودێری دۆخەکە دەکات، چاوەڕێ دەکات، قسە ناکات، و ناجوڵێت تا نرخ و وادەی پارەدانەکە دیاری نەکرێت".
 
ئەو دەشڵێت "نوێنەرانی ریال مەدرید بە فایزەیان راگەیاندووە، ئەگەر ئێمباپێ بیەوێت لەم هاوینەدا بگوازرێتەوە، پێویستە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئارام بێت و داوای لە پاریس و میری قەتەر بکات ئێستا بە پارەیەکی باش بیفرۆشن".
 
میدیاکانی مەدرید، دەڵێن، ئەگەر ئێمباپێ لە 1ـی1ـی2024 گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید نەکات، ئەمە لە لایەن ریال مەدریدەوە وەک هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاتر لێکدەدرێتەوە و دەکشێتەوە، بەڵام دایکی دەیەوێت چاوەڕوانییەکە کۆتاییپێبهێنێت و تەواو  گواستنەوەکە لەم هاوینەدا تەواو بکات.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن ئەگەر ئێمباپێ لە سەرەتای ساڵی نوێ گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ نەکات، ریال مەدرید بۆ هەمیشە لەبیری دەکات و بیر لە هالاند یان هەر هێرشبەرێکی دیکە دەکاتەوە.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە فایزە ئەلعەماری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو خانمە داوای لە بەرپرسانی پاریس کردووە لووتبەرزی نەکەن و نرخێکی راستەقینە و گونجاو بۆ کوڕەکەی دابنێن.