یانەی هەولێر دەیەوێت پێشڕەوییەکانی جەوییە رابگرێت

27-06-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتال 

ئەمڕۆ یەکشەممە لە گەڕی 33ـی خولی یانە نایابەکانی عێراق یانەی هەولێر کاژێر 21:30 لەنێو یاریگەی فڕانسۆ هەریری میوانداری یانە جەوییە دەکات. 

یانەی هەولێر لەم یارییەدا هیوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی 3 خاڵی یارییەکەی هەیە، لەبەرئەوەی تیپەکە 36 خاڵی هەیە و لە پلەی چواردەمی ریزبەندییە.

تەها قادر، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو، رایگەیاند "کارمان لەسەر بەرزکردنەوەی موڕاڵی یاریزانان و هێورکردنەوەی دەروونیان کردووە، هەروەها کارمان لەسەر شێوازێکی تایبەتی یاریکردن کردووە لەسەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی یانەی جەوییە، ئەگەر ئەوان چەند بەهێزبن ئێمە بۆ سەرکەوتن یاریدەکەین". 

یانەی جەوییە وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و بە کۆکردنەوەی 72 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی خولی نایابی عێراقە، تیپەکە ماوەی سێ رۆژە راهێنانەکانی لە شاری هەولێر ئەنجامدەدات و تینووی سەرکەوتنێکی دیکەیە. 

هەیسەم کازم، بەڕێوەبەری تیپی تۆپی پێی یانەی جەوییە، بۆ رووداو، روونیکردەوە "ئێمە دەمانەوێت بەردەوامبین لە سەرکەوتنەکان و دڵخۆشکردنی هاندەرانمان، یانەی هەولێر ناوێکی گەورەیە لەسەر ئاستی عێراق، دەزانین یارییەکە قورسە، بەڵام ئامادەین بۆ بردنەوەی یارییەکی دیکە". 

یانەی هەولێر خاوەن چوار نازناوی خولی یانە نایابەکانی عێراقە و دووجار گەیشتووەتە یاری کۆتایی جامی یەکێتیی یانەکانی ئاسیا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە